ئەمڕۆ هەینی 12ی حوزەیرانی 2026، لە ڕاگەیەنراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیدا هاتووە، پێشبینییەکانی کەشوهەوا بۆ 48 سەعاتی داهاتوو جێگیر دەبێت و پلەکانی گەرماش ڕوو لە دابەزین دەکەن.
سەبارەت بە کەشی ئەمڕۆ هەینی، ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت. خێرایی با لەسەرخۆ بۆ مامناوەند دەبێت کە لە نێوان 10 بۆ 20 کیلۆمەترە لە سەعاتێکدا و ئاراستەکەی باکووری ڕۆژئاوا دەبێت. مەودای بینین لە نێوان هەشت بۆ 10 کیلۆمەتر دەبێت. پلەکانی گەرما بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ بە بڕی دوو تا سێ پلە نزم دەبنەوە. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بەم شێوەیە دەبن: هەولێر 39، پیرمام 36، سلێمانی 37، چەمچەماڵ 39، دهۆک 37، زاخۆ 38 و حاجی ئۆمەران 26 پلەی سیلیزی.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، بۆ سبەی شەموو 13ی حوزەیرانی 2026، ئاسمان ساماڵ دەبێت، خێرایی با بە هەمان شێوەی ئەمڕۆ لە نێوان 10 بۆ 20 کیلۆمەتر دەبێت لە سەعاتێکدا و ئاراستەکەی ڕۆژئاوا دەبێت. مەودای بینینیش لە نێوان هەشت بۆ 10 کیلۆمەتر دەبێت. پلەکانی گەرما نزیک دەبنەوە لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ، بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بریتین لە: هەولێر 39، پیرمام 37، سلێمانی 38، چەمچەماڵ 39، دهۆک 37، زاخۆ 39 و حاجی ئۆمەران 25 پلەی سیلیزی.