هاتوچۆی سلێمانی: هێنانی بەنزینی زیادە لەلایەن گەشتیارانەوە قەدەغەیە و دەستی بەسەردا دەگیرێت

:: PM:10:06:12/06/2026 ‌
بۆ ڕێگریکردن لە ڕووداوی نەخوازراو و پاراستنی ژیانی هاووڵاتییان، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی بڕیاریدا دەستبەسەر ئەو سووتەمەنییە زیادانەدا بگرێت کە گەشتیارانی ناوەڕاست و باشووری عێراق لەگەڵ خۆیاندا دەیهێننە ناو هەرێمی کوردستان.

ئەمڕۆ هەینی، 12ـی حوزەیران، لە ڕاگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانیدا هاتووە، مەفرەزەکانی هاتوچۆ تێبینییان کردووە کە بەشێک لەو گەشتیارانەی لە شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن، بەنزین بە دەبە لەگەڵ خۆیاندا دەهێنن و لە کاتی تەواوبوونی سووتەمەنی تانکی ئۆتۆمبێلەکانیان بەکاری دەهێنن.

هاتوچۆی سلێمانی ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم دیاردەیە لەلایەن پۆلیسەوە تازە ئاشکرا کراوە و بۆ گەشتیارانیش نوێیە، بەڵام بەهۆی ئەوەی مەترسییەکی گەورە لەسەر ژیانی شۆفێران، گەشتیاران و هاووڵاتییان دروست دەکات و لە کاتی ڕوودانی هەر ڕووداوێکی هاتوچۆدا کارەساتی گەورەی لێ دەکەوێتەوە، بڕیاری ڕێگریکردن لەم کارە دراوە.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە لێپرسینەوە لەو شۆفێرانە دەکرێت کە سووتەمەنی زیادەیان پێیە، سووتەمەنییەکەیان لە وێستگەیەکی تایبەت لێ وەردەگیرێت و پسولەیەکیان پێ دەدرێت، تا لە کاتی گەڕانەوەیاندا بیبەنەوە، بەو مەرجەی بە هیچ شێوەیەک ڕێگەیان پێ نادرێت بەو سووتەمەنییە زیادەیەوە بچنە ناو شارەکانەوە.



وشە - پێشەنگ مەحموود