پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەی فراوانی بڵاو کردەوە

:: PM:08:41:13/06/2026 ‌
ئەمڕۆ شەموو 13ی حوزەیرانی 2026، کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرپەرشتی سەرۆک مەسعوود بارزانی کۆبوونەوەیەکی فراوانی ئەنجام دا و تێیدا لەسەر پێنج تەوەری گرنگ گفتوگۆ کرا. کۆبوونەوەکە تیشکی خستە سەر دەرهاویشتەکانی هێرشەکانی سەر هەرێم و پێویستیی چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی گفتوگۆوە، هەروەها پشتیوانیی خۆی بۆ حكوومەتی فیدراڵی دووپات کردەوە لە چارەسەرکردنی کێشەی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێم. هاوکات، دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی بۆ چارەسەری چەقبەستوویی سیاسی و هەنگاوەکانی حكوومەت و سەرۆکایەتیی هەرێمی بەرز نرخاند، لەگەڵ تاوتوێکردنی کاروباری ناوخۆیی و ڕێکخستنەکانی حزب بۆ داهاتوو. 

ئەمەی خوارەوە دەقی ڕاگەیەنراوەکەیە وەک خۆی:
بە سەرپەرشتی جەنابی سەرۆک مەسعوود بارزانی، کۆمیتەی ناوەندیی پارتیمان، بە ئامادەبوونی بەڕێزان جێگرانی سەرۆک و هەڤاڵان ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی لقەکان، ئەمڕۆ شەموو 13ی حوزەیرانی 2026، کۆبوونەوەی فراوانی خۆی ئەنجام دا.

کۆبوونەوە دوای ساتێک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان، سەروەریان بارزانی نەمر و کاک ئیدریسی هەمیشە لەیاد، کۆمەڵێک بابەتی سیاسی، ڕووداو و گۆڕانکارییەکان، پێوەندییەکان و کاروباری ناوخۆی پارتیمانی خستە خشتەی تەوەرەکانی گفتوگۆکردن و بیروڕا گۆڕینەوە و، بۆ ئەو بابەتانەی کە پێویست بوو بڕیار وەرگیرا.

تەوەری یەکەم/ بارودۆخی گشتی؛ لەم تەوەرەدا تیشک خرایە سەر شەڕی نێوان ئەمەریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران، کە لە کۆتایی مانگی شوباتی ئەمساڵەوە دەستی پێ کرد و کاریگەری و دەرهاویشتەکانی ئەو شەڕە لەسەر عێراق بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی، کە لە چەندان بواردا زیانی بە عێراق و کوردستان گەیاندووە، وێڕای ئەوەی هەرێمی کوردستان بەشێک نەبووە لەو شەڕە، بەڵام بەداخەوە تا ئێستەش کە شەڕ ڕاگیراوە، هێرشی هاژەک و درۆنی بۆ سەر هەرێمی کوردستان ڕانەگیراوە و زیانێکی زۆری هەبووە و دەیان بریندار و شەهید بە ناحەق لە ئاکامی ئەو هێرشانە بوونەتە قوربانی، ئەوە جگە لەوەی زیانێکی مادی زۆری هەبووە و جووڵەی بازرگانیان سست کردووە، هەروەها هێرشی سەر کۆمپانیاکانی نەوت زیانێکی زۆری بە دامەزراوەکان و ژێرخانی وزە گەیاندووە و بووەتە هۆی ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی نەوت، ئەمەش نەک تەنیا بۆ هەرێم بەڵکو بۆ عێراقیش زیانێکی گەورەیە. ئەم دەرهاویشتانە و بەردەوامی هێرشەکان بوونەتە هۆی دڵەڕاوکێی خەڵکی کوردستان، ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان باوەڕمان وایە کە چارەسەری کێشەکان لە ڕێگەی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن لە قازانجی هەموو لایەکە و ناوچەکە بە هەرێمی کوردستانیشەوە چیتر زیانمەند نابن.

تەوەری دووەم/ پێوەندییەکانمان لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵ؛ سەرەڕای بەرزی و نزمی لە پێوەندییەکان، بەڵام بەردەوام هەوڵمان داوە هەر کێشە و گرفتێک هەبێت لە سێبەری دەستووری هەمیشەیی عێراقدا چارەسەر بکرێت، هەرچەندە کێشەکان کەڵەکە کراون و کەمتر هەوڵی چارەسەرکردنیان دراوە، بەڵام پارتیمان ڕێگەی بەردەوامی لە گفتوگۆ و دۆزینەوەی ڕێگەچارەی گرتووەتەبەر، بەتایبەتی لە بواری بودجە و شایستە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێک دراوە بە سەردانیکردن و ڕەوانەکردنی شاند بۆ بەغدا بە ئامانجی چارەسەری و لادانی کۆسپ و ئاستەنگەکان.

بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حكوومەتی فیدراڵ بە سەرۆکایەتی بەڕێز عەلی زەیدی پشتیوانیمان هەبووە و بەردەوامیش دەبین لە هاوکاری و پشتیوانیکردن بەو هیوایەی هەروەکو ڕێککەوتنیش لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی کراوە، چیتر چارەسەری کێشەکان فەرامۆش نەکرێن و دەستوور وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و مووچەی مووچەخۆران لە کاتی خۆیدا ڕەوانەی هەرێمی کوردستان بکرێت.

شایەنی باسە کۆبوونەوە دووپاتی لە پشتیوانیکردنی بەڕێز عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی حكوومەتی فیدراڵی کردەوە لەو هەنگاوانەی دەستی پێ کردووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و گەڕاندنەوەی سەروەت و سامانی خەڵکی عێراق بۆ خەزێنەی حكوومەت و ڕێگرتن لە بەفیڕۆدانی سامانی وڵات.

تەوەری سێیەم/ دەستپێشخەرییەکەی جەنابی سەرۆک بارزانی لە جەژنی قورباندا؛ ئەم دەستپێشخەرییە لە ڕوانگەی بەخەمەوەبوونی کوردستانە لەم بارودۆخە هەستیار و ناسکەی کە هەموو ناوچەکە پێیدا تێدەپەڕێت، هەروەها ئەو هەموو ڕووداو و گۆڕانکارییانەی ڕوو دەدەن کە بەشێکیان ئاڵنگاری و مەترسی لەگەڵ خۆیان دەهێنن. کۆبوونەوە ئەم دەستپێشخەرییەی جەنابیانی بەرز نرخاند، کە کێشەکانی لە ڕاگەیاندن و شەقامەوە گواستەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ.

بۆ جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی دەستپێشخەرییەکە لیژنەیەک لە ئاستی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیمان دەستی بە سەردان و پێوەندیکردن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کردووە بۆ گفتوگۆ و دۆزینەوەی چارەسەری پێویست بۆ کێشەکان و ڕزگارکردنی پرۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستان لەو چەقبەستنەی تێی کەوتووە، تا ئێستەش ئەم دەستپێشخەرییە و هەوڵەکان بەردەوامن بەو هیوایەی هەموو لایەک بە لەبەرچاوگرتنی هەستیاریی بارودۆخەکە و گرنگیی ڕووداوەکان، بەرپرسیارانە بەرەو چارەسەری هەنگاو بنێن.

تەوەری چوارەم/ کۆبوونەوە لە ڕوانگەی هەست بە بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی و نیشتمانی و باوەڕی تەواو بە یەکترقبووڵکردن و پێکەوەژیان لە کۆماری عێراقی فیدراڵدا، پشتگیری لە هەنگاوەکانی بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات، هەروەها پشتیوانیی هەنگاو و هەوڵەکانی بەڕێز سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەری کێشەکان لەگەڵ بەغدا لە هەموو ڕوویەکەوە بەتایبەتی لە بابەتی شایستە داراییەکان و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەکات، کۆبوونەوە بە باشی زانی بەردەوامی بەم هەوڵ و هەنگاوانە بدەن.

تەوەری پێنجەم/ بابەتی ناوخۆیی و ڕێکخستنەکانی پارتیمان؛ لەم تەوەرەدا گفتوگۆی پێویست لەبارەی ڕێکخستنەکان و ئەرکی ئۆرگانەکانی پارتیمان کرا، بۆ ئەم مەبەستە پێشتر لیژنەیەک پاڵپشت بە پێڕەوی ناوخۆ، هەروەها بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئێستەی کوردستان دیراسەیەکی هەمەلایەنەی ئەنجام داوە. ئەم دیراسە و، ئەنجام و پێشنیاز و ڕاسپاردەکانی دەبنە نەخشەڕێگای هەنگاوەکانی داهاتوو و ئەوەی پێویستە ئەنجام دەدرێت.

شایەنی ئاماژەیە، کۆبوونەوە لە کەشێکی حزبی و خەمخۆرانە بۆ چارەسەری کێشە و گرفتەکانی خەڵکی کوردستان و جووڵەپێکردنی پرۆسەی سیاسیی کوردستان و توندوتۆڵترکردنی پێوەندییەکان لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵ و لایەنە سیاسییە شیعە و سوننەکانی عێراق بەڕێوە چوو.

کۆمیتەی ناوەندیی
پارتی دیموکراتی کوردستان
13ی 6ی 2026


وشە - پۆڵا مەحموود