تاقیكردنەوەكانی پۆلی 12 لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان دەستی پێ كرد، 117 هەزار قوتابی بەشداری تاقیكردنەوەكان دەكەن.
ئەمرۆ یەكشەم 14ـی حوزەیران، بە بەشداریی 117 هەزار و 142 قوتابی، تاقیكردنەوەكانی خولی یەكەمی پۆلی 12ـی ئامادەیی، لە هەرێمی كوردستان دەستی پێ كرد.
وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، داتا و ئامارە فەرمییەكانی تایبەت بە بەڕێوەچوونی تاقیكردنەوەكانی خولی یەكەمی پۆلی 12ـی ئامادەیی (زانستی، وێژەیی و پیشەیی) بۆ ساڵی خوێندنی 2025 - 2026 لەسەر ئاستی هەرێم، پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان بڵاوكردەوە.
ئاماری گشتی لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان
بە پێی ئامارە فەرمییەكان، كۆی گشتیی قوتابییانی بەشداربوو لە تاقیكردنەوەكانی پۆلی 12 لە سەرتاسەری هەرێم دەگاتە 117,142 قوتابی كە لە 2003 هۆڵی تاقیكردنەوەدا دابەش بوون بەم شێوەیەی خوارەوە:
لقی زانستی: 88 هەزار و 116 قوتابی لە هەزار و 390 هۆڵدا.
لقی وێژەیی: 26 هەزار و 431 قوتابی لە 521 هۆڵدا.
لقی پیشەیی: دوو هەزار و 595 قوتابی لە 92 هۆڵدا.
ئاماری دەستەی كارگێڕی و سەرپەرشتیارانی هۆڵەكان
بۆ بەڕێوەبردنی تاقیكردنەوەكان، جێبەجێكردنی رێنماییەكان و پاراستنی رێڕەوی تاقیكردنەوەكان، وەزارەتی پەروەردە دەستەیەكی كارگێڕییان بە كۆی گشتیی 19 هەزار و 403 مامۆستا و فەرمانبەر پێكهێناوە كە ئەركەكانیان بەم شێوەیە دابەش كراوە:
چاودێران: دوو هەزار و 18 بەشداربوو.
بەڕێوەبەرانی هۆڵەكان: 2003 بەشداربوو.
یاریدەدەرانی بەڕێوەبەری هۆڵ: 2003 بەشداربوو.
سەرپەرشتیاران: هەزار و 376 بەشداربوو.
كارمەندانی خزمەتگوزار: 2003 بەشداربوو.