لە كەركووك گۆڕانكارییەكی تر كرا، فەیسەڵ حەمادی ڕەمەزان وەك بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای نەوتی باكور دەستبەكار بوو.
ئەمڕۆ یەكشەم 14ـی حوزەیران، فەیسەڵ حەمادی ڕەمەزان وەك بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای نەوتی باكور دەستبەكار بوو.
دەستبەكاربوونی ئەو بەڕێوەبەرە نوێیە لەبری عامر خەلیل ئەحمەد بوو، ئەمەش لە چوارچێوەی ڕێكارە كارگێڕییەكان و بۆ بەردەوامی كار و بەرزكردنەوەی گەشەسەندنی ئاستی كۆمپانیاكە.
كۆمپانیای نەوتی باكور (NOC) كۆمپانیایەكی حكوومی عێراقی سەربە وەزارەتی نەوتی عێراقە و بنكەی سەرەكی لە شاری كەركووكە، ئەم كۆمپانیایە بەرپرسە لە گەڕان، بەرهەمهێنان و بەڕێوەبردنی كێڵگە نەوتی و گازییەكان لە ناوچەكانی باكور و ناوەڕاستی عێراق.
مێژووی دامەزراندن و ڕەگوڕیشەی كۆمپانیاكە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1929 كاتێك لە ژێر ناوی "كۆمپانیای نەوتی عێراق (IPC)" لە لەندەن دامەزرا. پاش نیشتمانیكردنی نەوتی عێراق لە ساڵی 1972، ناوەكەی گۆڕا و لە ساڵی 1987 بە فەرمی بەم شێوەیەی ئێستە ڕێكخرایەوە.