بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕای دەگەیەنێت، هێزەكانیان توانیویانە خاوەنی پڕۆژەی نیشتەجێبوونی (ئاسوودە سیتی) بگرن، كە پێشتر زیاتر لە 80 سكاڵای یاسایی لەلایەن هاووڵاتییانەوە لەسەر تۆمار كرابوو.
ئەمڕۆ دووشەم 15ـی حوزەیران، بەپێی ڕاگەیەنراوێكی فەرمیی پۆلیسی هەولێر، دوای ئەوەی ژمارەیەكی زۆر لە هاووڵاتییان سكاڵای یاساییان لەسەر پڕۆژەی نیشتەجێبوونی (ئاسوودە سیتی) لە شاری هەولێر تۆمار كرد، هێزەكانی پۆلیس بەدواداچوونی ورد و چڕیان بۆ كەیسەكە دەست پێ كرد.
پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوەش كردووە، پاش كۆكردنەوەی زانیاری و بەدواداچوونی مەیدانی، هێزەكانیان توانیویانە تۆمەتبارەكە (خاوەنی پڕۆژەكە) بگرن.
روون كراوەتەوە، ئێستەش پەڕاوی لێكۆڵینەوەی بۆ ڕێكخراوە و بە بڕیاری دادوەری لێكۆڵینەوەی هەولێر، ڕێكارە یاساییەكانی بەرانبەر دەگیرێتەبەر.