وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان، خۆشحاڵە بە ڕاگەیاندنی دەستبەكاربوونی سیستمی نوێی دیجیتاڵیی وەزارەتی كارەبا لە هۆبەی فرۆشیاری و وزەی گەرمیان، دەربەندیخان، دوكان، چەمچەماڵ و سەیدسادق كە نزیكەی 280,000 هاوبەش سوودی لێ دەبینن.
ئەم سیستمە نوێیە لە هۆبەكانی فرۆشیاری و وزە لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان یەكدەخرێت، سوودی دەبێت لە ڕاییكردنی مامەڵەی هاووڵاتییان و پرۆسەی پسوولەكردن و پارەدان لە ڕێگەی سەكۆی پارەدانی دیجتاڵی ئی-پسوولە بەشێوەیەكی خێراتر و ئاسانتر.
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت كە پێشتر هەمان سیستم لە هۆبەكانی فرۆشیاری هەولێر، سلێمانی، دهۆك، زاخۆ، هەڵەبجە، ڕاپەڕین، سۆران، كۆیە و خەبات جێبەجێ كرا و ڕەنگدانەوەی چاكسازییەكانی پڕۆژەی ڕووناكییە.
مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2024، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پڕۆژەی ڕووناكی ڕاگەیاند بە مەبەستی گەیاندنی كارەبای 24 سەعاتی بۆ سەرجەم ماڵ و شوێنە بازرگانییەكان تا كۆتایی ساڵی 2026. لە 14 ئایاری ساڵی پار، ئەنجوومەنی وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەكۆی دەنگ بڕیاری پەسندكردنی پڕۆژەكەی دەركرد.