سەرۆكی زانكۆی سلێمانی رای گەیاند، توانیویانە بڕوانامەی ئایزۆی نێودەوڵەتی لە بواری ستانداردكردن و بەڕێوەبردنی كارگێڕیدا بەدەست بهێنن.
د. كۆسار محەمەد سەرۆكی زانكۆی سلێمانی، لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، زانكۆكەیان توانیویەتی بڕوانامەی ئایزۆی نێودەوڵەتی لە بواری ستانداردكردن و بەڕێوەبردنی كارگێڕیدا بەدەست بهێنێت.
گوتیشی، بەمەش زانكۆی سلێمانی دەبێتە یەكەمین زانكۆ لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان كە خاوەنی ئەم بڕوانامە جیهانییە بێت لە بواری كارگێڕیدا.
سەرۆكی زانكۆی سلێمانی ئاماژەی بەوە كرد، ئێستە كارە كارگێڕییەكانی زانكۆكە بە شێوەیەكی ستاندارد بەڕێوە دەچن. ئەم سیستمە نوێیە دووپات لەسەر بنەماكانی شەفافییەت، بەرپرسیاریەتی، دیاریكردنی وردی ڕۆڵەكان و بەدواداچوونی بەردەوام دەكاتەوە.
ئاماژەی بەوە دا، لە ماوەی ڕابردوودا بە وردی پێداچوونەوە بە هەڵەكاندا كراوە و سەرجەمیان چاك كراونەتەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ پێوەرە جیهانییەكاندا بگونجێن.
سەرۆكی زانكۆی سلێمانی دووپاتی لەوەش كردەوە كە وەرگرتنی ئەم ئایزۆیە، دەبێتە هۆكارێكی سەرەكی بۆ ئەوەی ڕاكینگی (پلەبەندی) زانكۆی سلێمانی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەرەو پێش بچێت.