مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عیرفان سدیق، باڵوێزی بەریتانیا لە عێراق کۆبوونەوە.
ئەمڕۆ دووشەم 15ـی حوزەیران، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە عیرفان سدیق باڵوێزی بەریتانیا لە عێراق کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا وێڕای تاوتوێکردنی دۆخی گشتیی عێراق و دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە، هەردوولا دووپاتی پەرەپێدانی زیاتری پێوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و شانشینی یەکگرتوو کردەوە. هەروەها هاوڕا بوون لەسەر پێویستیی پشتیوانیکردنی حکوومەتی فیدراڵ بۆ پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری.
لەمبارەیەوە باڵوێزی بەریتانیا سەردانی مانگی ڕابردووی سەرۆکی حکوومەتی بۆ بەغدا بەرز نرخاند و بە سەرکەوتووی ناوبرد بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، سەرۆکی حکوومەت دووپاتی پێویستیی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان وەک دامەزراوەیەکی گرنگی یاسادانان کردەوە بۆ کۆتاییهێنان بە چەقبەستووییی سیاسی لە هەرێمی کوردستان.