گۆڕانی كوردسات كۆتایی بە گۆڕانی گردەكە هێنا

:: PM:02:06:15/06/2026 ‌
یەكلانەبوونەوەی دۆسیەی خاوەنداریەتییەكەی هەردوو گۆڕانەكە كەوتە ئەمڕۆ و كۆتایی بەو كێشەیە هات، لەلایەن لایەنی فەرمی پێشوازیی لە گۆڕانی كوردسات كرا.

ئەمڕۆ دووشەم 15ـی حوزەیران، دانا ئەحمەد مەجید رێكخەری گۆڕان لەگەڵ فایەق زێدان سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراقی فیدراڵ كۆبووەوە.

ئەو پێشوازییەی فایەق زێدان دوای ئەوە دێت كە خاوەنداریەتیی بزووتنەوەی گۆڕان هێشتا كێشە بوو، بەڵام بەمە پەیامێك بە گۆڕانی گردەكە درا كە ئیتر گۆڕانی كوردسات خاوەنداریەتیی بزووتنەوەكە دەكات.

پێشتر چەند جارێك كۆنگرە و گفتوگۆ كراوە، بەڵام نەگەیشتنە هیچ ئەنجامێك، بۆیە بە پێشوازییەكەی فایەق زێدان، خاوەنداریەتیی ئەو بزووتنەوەیە بە تەواوەتی یەكلا بووەوە و كۆتایی بەم كێشە سیاسییە ناوخۆییە هێنرا.

گۆڕانی كوردسات لەلایەن دانا ئەحمەد مەجید و چەندانی تر خاوەنداریەتی دەكرێت، گۆڕانی گردەكەش لەلایەن كوڕانی نەوشیروان مستەفا خاوەندارییەتی دەكرێت، پێشتریش زۆر هەوڵی سیاسی هەبوو بۆ چارەسەری ئەو كێشەیە، بەڵام بێ‌ ئەنجام بوون.




وشە - رامیار جەواد