ئەو گوندانەی ناویان توركی و عەرەبییە دەكرێنەوە بە كوردی

:: AM:10:55:17/06/2026 ‌
هەڵمەتێكی هۆشیاری لە بەشێك لە گوندەكانی كوردستان دەستی پێ كردووە و بڕیاریان داوە، ئەو ناوانەی كە توركین یان عەرەبین بیگۆڕن و ناوی كوردیی لە گوندەكانیان نێن.

لە باشووری كوردستان بەشێكی زۆر لە گوند و شارەدێكان ناوەكانیان توركییە، ئەمەش بۆ دەسەڵاتدارانی سەردەمی عوسمانییەكان دەگەڕێتەوە.

بەپێی بەدواداچوونی "وشە" زیاتر لە 140 گوند لە ھەرێمی كوردستاندا ناوەكانیان توركین. لە سەردەمی دەسەڵاتی عوسمانییەكانەوە تا ئەمڕۆ بە توركی ماونەتەوە، بەڵام ئێستە بەشێكیان بڕیاری گۆڕینیان داوە.

هەڵمەتەكە لەلایەن گەنجانی گوندەكانی شارەدێی ئاخجەلەرەوە دەستی پێ كردووە كە لەو سنوورە بەشێكی زۆر ناوی گوندەكان توركین، ئەوە لە زۆرینەی ناوچەكانی تریش وایە.

بەشێك لەو گوندنشینانە داوایان لە كاربەدەستانی ئەو ناوچانە كردووە ناوی گۆندەكانیان بكرێتە كوردی.

ناوە توركییەكان تەنیا لە گوند و شارۆچكەكان نەنراون، بەڵكو چیا، گرد، كانی، ناوی توركی سەردەمی عوسمانییان پێوەیە. ناوچەكانی سنووری كۆیە لە پارێزگای ھەولێر و كفری لە پارێزگای سلێمانی زیاتر لە ھەموو شوێنەكان ناوی توركییان تێدا بەدی دەكرێ.

لەمبارەیەوە سەرگوڵ ئەحمەد كە چالاكێكی هەڵمەتی ناوگۆڕینی گوندەكانی كوردستانە، بۆ "وشە" گوتی، گۆڕینی ناوی شوێنەوار و گوندەكانی كوردستان بەشێك بووە لە سیاسەتی "تەعریب"، "توركاندن" و "فارسكردن" و "عەرەبكردن" بە مەبەستی سڕینەوەی ناسنامەی كوردی.

گوتیشی، ژمارەی گوند و شارۆچكەكان زۆر لەوە زۆرترن، لە هەر چوار پارچەی كوردستان ئەوە كراوە، بۆ نمونە تەنیا لە باكور زیاتر لە هەزار و 200  ناوی گوند و شار و شارۆچكە و شارەدێ  گۆڕاون، ئەگەر لەوێ كورد دەسەڵاتی نەبێت لە باشوور دەتوانێت ئەو كارە بكات.

باسی لەوەش كرد، كاتی ئەوەیە بە یاسایی ناوی گوندەكان و شارەكان بكەین بە كوردی و سیاسەتی بە عەرەبكردن  و بە تورككردن و بە فارسكردن لە گۆڕ بنێین.

پێشتر بەهۆی دەسەڵاتیانەوە هەر جێگەیەك عەرەب یان فارس یان تورك خێوەتێكی دانابێت بە گوتەی  سەرگوڵ ناوەكەیان گۆڕیوە، بۆیە ئەمە ئەركی لە پێشینەی هەموو كورد و بەتایبەت حكوومەتی هەرێمە بەدوای ناوە ڕەسەنەكاندا بچێت و بگەڕێنێتەوە بۆ كورد.
 

 




وشە - سۆران عەزیز