تكایە ئەو جۆرە "پیپسی"یە مەكڕن

:: PM:01:15:17/06/2026 ‌
ماوەیەكە ئەم جۆرە پیپسییە لە بازاڕ و ماركێتەكانی كوردستان بڵاو بووەتەوە كە ئاڵای عێراقی لەسەرە و ئاڵای عێراقیش (الله أكبر)ی لەسەر نووسراوە، ئەمەش دەنگۆی زۆری دروست كردووە لەناو هاووڵاتییان و دەنگدانەوەی لێ كەوتووەتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم 17ـی حوزەیران، عەبدوڵا شێركاوەیی گوتەبێژی یەكێتیی زانایانی كوردستان، بە "وشە"ـی راگەیاند، ماوەیەكە ئەم جۆرە پیپسییە لە بازاڕ و ماركێتەكانی كوردستان بڵاو بووەتەوە، كە ئاڵای عێراقی لەسەرەو ئاڵای عێراقیش (الله أكبر)ی لەسەر نووسراوە، ئەمەش دەنگۆی زۆری دروست كردووە لەناو هاووڵاتییان و دەنگدانەوەی لێ كەوتووەتەوە.

باسی لەوەش كرد، بێگومان لەبەرئەوەی ناوی (الله) پیرۆزە و واجبە بە پیرۆزی رابگیرێت و بپارێزرێت، بەهیچ شێوازێك قابیلی سووكایەتی و بێڕێزی نییە، هەروەها دروست نییە ئەم ناوە پیرۆزە بقۆزرێتەوە و ئیستیغلال بكرێ بۆ كاڵا و شتومەكی بازرگانی، بەتایبەت لە قوتووی پیپسی، كە دوای خواردنەوە فڕێ دەدرێت و دەكەوێتە شوێنی پیس و زبڵدان، ئەمەش بێڕێزییەكی گەورەیە بۆ ناوی پیرۆزی (الله) و ئەم جۆرە كارە بەهیچ شێوەیەك گونجاو نییە لەرووی ئاینییەوە، ئێمە لە شەریعەتی ئیسلام یاسایەكمان هەیە دەڵێت؛ "هەر كارێك سەر بكێشێت بۆ كارێكی حەرام، ئەوە خۆی حەرام دەبێت".  

دەشڵێت، لەو سۆنگەیەوە داوا لەلایەنی پێوەندیدار دەكەین هەرچی زووە چارەسەری ئەم بابەتە بكەن و رێگە لەم جۆرە شتانە بگرن، كە سووكایەتی و بێڕێزی تێدا بێت بەرانبەر پیرۆزییەكانمان و بەتایبەت ناوی پیرۆزی خودا، بۆ ئەوەی كەس لە پەنای كاڵا و شتومەك و خواردەمەنی تووشی كاری بێڕێزی و حەرام نەبێت. 




وشە - رامیار جەواد