ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی حكوومەت: خانەنشینان و گەنمی جووتیاران تاوتوێ‌ كرا

:: PM:04:24:17/06/2026 ‌
بە سەرپەرشتیی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران، مەسروور بارزانی، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە و ژمارەیەك بابەتی گرنگی تاووتوێ كرد.

لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا، سەرۆك وەزیران باسی لە دۆخی ئەو فەرمانبەرانە كرد كە خانەنشین بوون و هێشتا مووچەی خانەنشینییان وەرنەگرتووە. لەم بارەیەوە، دووپات لەسەر گرنگیی چارەسەركردنی ئەم بابەتە بەشێوەیەكی خێرا و یاسایی كرایەوە و ڕاسپاردەی پێویست بە وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان درا تا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەزگا پەیوەندیدارەكانی حكومەتی فیدڕاڵ، هەموو هەنگاوە یاسایی و كارگێڕییەكان بگرنەبەر بۆ دابینكردنی مووچەی خانەنشینیی ئەو كەسانە لە ڕۆژی شایستەبوونیانەوە.

پاشان، ئەنجوومەنی وەزیران بابەتی وەرگرتنەوەی بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان بۆ وەرزی چاندنی ئەمساڵ لەلایەن حكوومەتی فیدڕاڵەوە، لە چوارچێوەی پلانی ساڵانەی وەرگرتنی گەنم، بە وردی تاوتوێ كرد.

لەم بارەیەوە، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، ڕاپۆرتێكی وردی پشتبەستوو بە زانیاری و داتا و ژمارەی پێشكەش كرد و تیشكی خستە سەر تەواوی تەوەرەكان و بڕی گەنمی بەرهەمهاتوو و ئەو ئاستەنگانەی لە ڕێگەی وەرگرتنەوە و بەبازاڕكردنی بەرهەمەكاندا هەن، هەروەها هەوڵەكانی وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێم لەم بارەیەوە لەگەڵ هاوتاكانیان لە حكوومەتی فیدڕاڵ.

دواتر هەر یەك لە سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان و بریكاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، زانیاری و وردەكاریی پێویستیان لەسەر ئەم بابەتە خستە ڕوو.

دوای گفتوگۆی فراوان و ڕاگۆڕینەوەی بۆچوونەكان، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا؛ پێوەندی و هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە پێوەندیدارەكانی حكوومەتی فیدڕاڵ بەردەوام بێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و نەهێشتنی ئاستەنگەكانی بەردەم وەرگرتنەوە و بەبازاڕكردنی بەرهەمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان. بۆ ئەم مەبەستە، وەزارەتەكانی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، بازرگانی و پیشەسازی، لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان، ڕاسپێردران بە هاوئاهەنگی و كاری هاوبەش، میكانیزمێكی گونجاو دابنێن بۆ ساخكردنەوە و بەبازاڕكردنی بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان.

ئەنجوومەنی وەزیران هەروەها دووپاتی كردەوە لەسەر ئەوەی حكوومەتی فیدڕاڵ، وەك لایەنی بەرپرسیار، پێویستە پلانی وەرگرتنەوەی گەنمی جووتیاران، بەشێوەیەكی دادپەروەرانە و یەكسان جێبەجێ بكات و لە هەمان كاتدا، تایبەتمەندی و پێداویستییەكانی هەرێمی كوردستانیش لەبەرچاو بگرێت.

لە بڕگەی دووەمی كۆبوونەوەدا، بابەتی شایستەبوونی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بۆ خانەنشینی تاوتوێ كرا. ئەو ئەندامانەی مەرجە یاساییەكانی تەمەن و ماوەی خزمەتی پێویست بۆ خانەنشینییان تەواو كردووە، بۆ ئەوەی بەگوێرەی یاسا و ڕێنماییە بەركارەكانی خانەنشینی، مافی تەواوی خانەنشینییان هەیە و دەبێت ئەم مافەیان پارێزراو بێت.

بۆ ئەم مەبەستە، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری پێكهێنانی لیژنەیەكی تایبەتی دا، كە لە سەرۆكایەتیی دیوان، سكرتاریەتی ئەنجوومەنی وەزیران و هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و دارایی و ئابووری پێكدێت، بۆ دانانی ڕێكار و میكانیزمی پێویست بەپێی یاسا و ڕێنماییە پەیوەندیدارەكان و دڵنیابوون لە جێبەجێكردنیان بەشێوەیەكی دروست.

لە كۆتایی كۆبوونەوەكەدا، ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆیەكی وردی لەسەر خەرجییەكانی بودجەی حاكیمە كرد؛ ئەو خەرجییانەی لە بودجەی گشتیی فیدڕاڵییەوە بۆ هەرێم تەرخان دەكرێت، لەوانەش بابەتی پسوولەی خۆراك و سەبەتەی خۆراكی مانگانە.

ئەنجوومەنی وەزیران، لەگەڵ پشتگیریكردنی لە هەنگاوەكانی حكوومەتی فیدڕاڵ بۆ چاكسازی و ڕێكخستنەوەی سیستەمی سەبەتەی خۆراك، جەختی لەسەر مافی هەرێمی كوردستان كردەوە بۆ وەرگرتنی بەشی شایستە و یاساییی خۆی لە خەرجییە حاكیمەكان، وەك خۆراك، دەرمان، بەبازاڕكردنی گەنم، پشتیوانیی وزە و كارەبا و هتد، بەشێوەیەك كە هاووڵاتییانی هەرێم بە تەواوی سوودمەند بن.

لەم چوارچێوەیەدا، ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی ڕاسپارد بە هاوئاهەنگی لەگەڵ سەرۆكایەتیی دیوان و سكرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیران، ڕاپۆرتێكی ورد، پشتبەستوو بە داتا و زانیاریی دروست و بنەما یاسایی و دەستوورییەكان ئامادە بكەن، بۆ ئەوەی ئەم مافانە لە چوارچێوەی یاسای بودجەی فیدڕاڵ بەشێوەیەكی ڕوون جێگیر بكرێن، هەروەها ڕێكارە خێرا و كاریگەر بگیرێنەبەر بۆ دڵنیابوون لە وەرگرتنی ماف و شایستەی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان لە بودجەی حاكیمە.



وشە - وشه‌