لەكاتێكدا ماوەی چەندان ساڵە كارەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی كوردستان و عێراق راگیراوە، بەڵام مووچەكانیان وەرگرتووە، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان بڕیاریدا ئەوانەی تەمەنی خانەنشینی دەیانگرێتەوە خانەنشین بكرێن.
لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان، بابەتی شایستەبوونی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بۆ خانەنشینی تاوتوێ كرا. ئەو ئەندامانەی مەرجە یاساییەكانی تەمەن و ماوەی خزمەتی پێویست بۆ خانەنشینییان تەواو كردووە، بۆ ئەوەی بەگوێرەی یاسا و ڕێنوێنییە بەركارەكانی خانەنشینی، مافی تەواوی خانەنشینییان هەیە و دەبێت ئەم مافەیان پارێزراو بێت.
بۆ ئەم مەبەستە، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری پێكهێنانی لیژنەیەكی تایبەتی دا، كە لە سەرۆكایەتیی دیوان، سكرتاریەتی ئەنجوومەنی وەزیران و هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و دارایی و ئابووری پێكدێت، بۆ دانانی ڕێكار و میكانیزمی پێویست بەپێی یاسا و ڕێنماییە پەیوەندیدارەكان و دڵنیابوون لە جێبەجێكردنیان بەشێوەیەكی دروست.
ساڵی 2023 دادگای فیدڕاڵی بڕیاریدا چیتر كار بە ئەنجوومەنی پارێزگاكان نەكرێت و هەڵبوەشێنەوە، بەڵام ئەو ئەندامانەی ئەنجوومەن كە لە هەولێر و سلێمانی و دهۆك هەن، تا ئێستە مووچەی تەواو وەردەگرن و خانەنشین نەكراون.