مانگی نۆـی ساڵی 2024، پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە و دەوروبەری خرایە بواری جێبەجێكردنەوە كە ئاوی خواردنەوەی قوشتەپە و 65 گوند لەخۆ دەگرێت، كۆتایی ساڵی رابردوو كارەكانی تەواو بوو، بەپێی قسەی بەرپرسان ئێستە ئەو پڕۆژەیە 99%ـی كێشەی كەمئاویی چارەسەر كردووە و كۆتایی بە بیرە قووڵەكانی ئەو سنوورە هێناوە.
پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە و دەوروبەری، لەسەر فەرمانی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان جێبەجێ كرا، لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆوە سەرپەرشتیی تەواوكردنی كرا.
رێزان سەعدی بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری هەولێر، بە "وشە"ی گوت، سێ ساڵ پێش ئێستە گەیشتبووینە قۆناغێك ئیتر بیرەكان وشكی دەكرد و ئاستی ئاویش دابەزیبوو بۆ 700 مەتر، بیرەكان ئیتر توانای دابینكردنی ئاویان نەمابوو.
زیاتر گوتی، بە راكێشانی پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە ئیتر كێشەی ئەو سنوورە 99%ی چارەسەر بوو، ئەوەشی ماوەتەوە تەنیا پەمپێك یان شتێك كێشەیەكی هەبێت، دەنا 100%ـی كێشەی ئاوی سنووری قوشتەپە و دەوربەری چارەسەر بووە.
باسی لەوەش كرد، ئەو پڕۆژەیە جارێكی تر ئاوی ژێرزەوی بووژاندنەوە، لە داهاتوودا دەرئەنجامەكەی دەردەكەوێت، ئێستەیش چیتر پشت بە بیرەكان نابەستین، بۆیە لە چەند ساڵی داهاتوودا ئەگەر ئاستی بارانبارین وەك ئەمساڵ باش بێت، بێگومان ئاستی ئاو بەرز دەبێتەوە.
پڕۆژەكە پێكهاتووە لە سێ خەزانی گەورەی ئاو، یەكێك لەو خەزانانە لە سنووری بێستانەیە و یەكێكیشیان لە قوشتەپەیە. بەگشتی پڕۆژەكە كێشەی كەمئاوی لە قوشتەپە و بێستانە و زیاتر لە 67 گوندی سنوورەكە بە تەواوەتی چارەسەر كرد، دەبێتە هۆی بووژانەوە و ئاوەدانیی ئەو گوندانە و بەردەوامی دابینكردنی ئاوی خواردنەوە بۆ ئەو سنوورە فراوانەی دەوروبەری هەولێر، جگە لەوەی كێشەی كەمئاوی لە قوشتەپە و بێستانە و گوندەكانی ئەو سنوورە، بە تەواوەتی چارەسەر دەكات، هاوكات چەندان ناوچەی پیشەسازی و كارگە و بازاڕ و پڕۆژەی جۆراوجۆر كە گرفتی كەمئاوییان هەیە، دەكەونە سنووری ئەو پڕۆژەیەوە.
شێروان حەسەن ئەندانی ئەنجوومەنی كۆمەڵگە و كۆگەكانی ئەو سنوورەیە، بە "وشە"ـی راگەیاند، پێشتر بەهۆی نەبوونی ئاو خەریك بوو بەشێكی زۆری كۆگەكان ئەو سنوورەیان چۆڵ دەكرد یان تاقەتی كاریان نەمابوو.
زیاتر گوتی، هێنانی ئاو و بوونی ئاوی بەردەوامی رۆژانە وایكردووە ئێستە سنووری قوشتەپە ببێتە شوێنێكی گرنگی كار و كۆگەكانی كشتوكاڵ و ئامێرەكان، چەندان كۆمپانیا ئێستە لقیان هێناوەتە سنوورەكە كە پێشتر لەو سنوورەدا نەبوون.
ئەم پڕۆژەیە لە رۆژێكدا 72 هەزار مەتر سێجا ئاو بۆ ناوەندی قەزای قوشتپە و شارەدێی بێستانە و 67 گوند دابین دەكات، جگە لە شوێنەكانی كار زیاتر 61 هەزار هاووڵاتیی دەڤەرەكە سوودمەند دەبن.
گرنگیی ئەو پڕۆژە تەنیا بۆ ئێَستە نییە، بەڵكو لە داهاتوو و تا 30 ساڵی تریش پڕۆژەكە خزمەتی دەڤەرەكە دەكات.
بەپێی گوتەی بەرپرسانی ئاو، پڕۆژەكە دەبێتە هۆكاری راگرتنی زیاتر لە 110 بیر و دەبێتە بووژانەوەی ئاوی ژێرزەویی دەڤەرەكە، چونكە قووڵترین بیرەكانی ئاو لە هەرێمی كوردستان و عێراق، دەكەوێتە شارۆچكەی قوشتەپە بە قووڵیی 730 مەتر.
گوژمەی پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە و دەوروبەری 189 ملیار دینارە، لەگەڵ 22 ملیار دیناری تریش بۆ تۆڕەكانی دابەشكردنی ئاو بۆ قوشتەپە و بێستانە و گوندەكان. پڕۆژەكە لە سێ وێستگەی سەرەكی پێكدێت، وێستگەی سەرەكیی لەسەر زێی بچووك لە قەشقە و خەزانی بانەبۆران كە كۆگەیەكی ناوەندییە و كۆگەی كانی بزرە.
ئەو پڕۆژەیە ڕۆژانە سێ هەزار و 300 مەتر سێجا ئاو لە ڕووبارەكە وەردەگرێت، توانای بەرهەمهێنانی سێ هەزار مەتر سێجا ئاوی خاوێنی هەیە بەگوێرەی ستانداردە عێراقی و جیهانییەكان. نزیكەی 40 كلیۆمەتر بۆڕیی كاربۆن ستیل درێژیی بۆڕییەكەیە، هەروەها 251 كیلۆمەتریش بۆڕیی پۆلی ئەپیلین ((HDPE بۆ دابەشكردنی ئاو بۆ ناو قوشتەپە و شارەدێی بێستانە و گوندەكان لەخۆ دەگرێت.