ئەمڕۆ پێنجشەم سەرۆكایەتیی شارەوانیی عەربەت، قۆناغی سێیەمی دابەشكردنی زەوی دەست پێ كرد و 350 پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەران و خانەنشیناندا دابەش كرد.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی سلێمانی ڕای گەیاند، زەوییەكان بە تیروپشك و بەپێی خاڵبەندی و بە ئامادەبوونی سەرۆكی شارەوانیی عەربەت و ژمارەیەك لێپرسراوی حكوومی ناوچەكە، لێپرسراوی نووسینگەی بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەكانی سلێمانی و نوێنەری یاسایی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی بەڕێوەچوو.
بڕیارە قۆناغەكانی دابەشكردنی زەوی لە سنووری شارەوانی عەربەت بەردەوام بن و سەرجەم ئەو كەسانە بگرێتەوە كە ڕەزامەندیی وەرگرتنی زەوییان هەیە.
لە سنووری پارێزگای سلێمانی 43 یەكەی كارگێڕی هەن، لە 20 شارەوانییاندا زەویی پێویست و ئیفرازكراو بۆ دابەشكردن بەردەستە. تا ئێستە لە شەش شارەوانیدا زەوی دابەش كراوە كە بەم شێوەیەیە: لە ناوەندی سلێمانی نزیكەی 26 هەزار پارچە، لە پێنجوێن 385 پارچە، لە عەربەت 250 پارچە، لە سەنگاو 85 پارچە، لە گۆپاڵە 80 پارچە و لە گەرمك 65 پارچە زەوی دابەش كراون.