شەوی ڕابردوو لە كەركووك چی رووی دا و داوای چی لە یەكێتی كرا؟

:: PM:01:07:18/06/2026 ‌
بڕیار بوو شەوی رابردوو فەرماندەی پۆلیسی كەركووك بە یەكێتی بدرێت، بەڵام لە كۆتایی كاتەكان كۆبوونەوەكە دواخرا و عەرەب دوو مەرج بەسەر یەكێتی دەسەپێنێت.

ئەمڕۆ پێنجشەم 18ـی حوزەیران، بەپێی بەدواداچوونی "وشە" هۆكاری راگیرانی كۆبوونەوەكەی شەوی رابردووی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، عەرەب لە بەرانبەر پۆستی فەرماندەی پۆلیسی كەركووك، داوای پۆستێك لە یەكێتی دەكات و مەرجێكیشی هەیە.

بڕیار بوو سەعات 11ـی شەوی رابردوو كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك ئەنجام بدرێت، تەوەری كۆبوونەوەكە دەست لە كاركێشانەوەی نەشئەت شاهوێز بوو وەك جێگری ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك و پێدانی بەڕێوەبەری پۆلیسی كەركووك بە كاندیدی یەكێتی بوو، بەڵام كۆبوونەوەكە ئەنجام نەدرا.

ئەوەیش زانراوە، هۆكاری دواكەوتنەكە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە عەرەب لە بەرانبەر پێدانی پۆستی فەرماندەی پۆلیسی كەركووك، پۆستی بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی كەركووكی داوا كردووە، ئەمەش وایكردووە بە هۆی نەگەیشتنە ڕێككەوتن كۆبوونەوەكە ئەنجام نادرێت.

هاوكات یەكێك لە مەرجەكانی عەرەب ئەوەبووە دەبێت لە كۆتایی ساڵ یان ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو، جارێكی تر پۆستی پارێزگای كەركووك بدرێتەوە بە عەرەب.

بەهۆی رێككەوتنی یەكێتی لەگەڵ توركمان و عەرەب، ئێستە پۆستی پارێزگاری كەركووك و دەیان پۆستی تر لە دەست كورد نەماوە و كەس نازانێت لە داهاتووشدا چ پۆستێكی تر لە كورد دەسەنرێتەوە.



وشە - رامیار جەواد