ناڕەزایەتیی جووتیارانی كورد و توركمان دەستی پێ‌ كرد

:: PM:02:06:18/06/2026 ‌
ناڕەزایەتیی جووتیارانی كورد و توركمان لە پارێزگای كەركووك سەری هەڵدایەوە. ئەمڕۆ ژمارەیەكی زۆر لە جووتیاران لە بەردەم فەرمانگەی كشتوكاڵی كەركووك گردبوونەوە، ناڕەزایەتیی توندیان دژی بڕیارێكی نوێی وەزارەتەكانی كشتوكاڵ و بازرگانیی عێراق دەربڕی.

ئەمڕۆ پێنجشەم 18ـی حوزەیران، محەمەد ئەمین نوێنەری جووتیارانی سنووری كەركووك، بە "وشە"ـی راگەیاند، بەپێی بڕیارە نوێیەكەی بەغدا، ئەو گەنمەی لەسەر ئەو زەوییە كشتوكاڵییانە بەرهەم هێنراوە كە كێشەی یاساییان لەسەرە (زەوییە دابڕاوەكان)، لە سایلۆكان وەرناگیرێت.

زیاتر گوتی، ئەم بڕیارە تەنیا لە سنووری پارێزگای كەركووك زیاتر لە 300 هەزار دۆنم زەوی دەگرێتەوە، ئەمەش بەو مانایەیە كە ڕەنجی هەزاران خێزان دەفەوتێت.

باسی لەوەش كرد، ئەم هەنگاوە درێژەپێدەری بڕیارەكانی "مەجلیس قیادە سەورە"ی سەردەمی ڕژێمی بەعسە ،ئامانجی سیاسیی لە پشتە بۆ سڕینەوەی مافی جووتیارانی ڕەسەنی ناوچەكە.

روونی كردەوە، ئەگەر تا هەفتەی داهاتوو داواكارییەكانمان جێبەجێ نەكرێن، دەرگای تەواوی سایلۆكانی كەركووك دادەخەین و ڕێگە نادەین هیچ بەرهەمێك بچێتە ناو سایلۆكانەوە.




وشە - رامیار جەواد