نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە دەستەی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی نیشتمانیی كوردی لە سووریا "ئەنەكەسە" كرد.
لە كۆبوونەوەیەكدا دۆخی گشتیی ناوچەكە، دوایین پێشهاتەكانی گۆڕەپانی سووریا، بارودۆخی كورد و ناوچە كوردییەكان لەو وڵاتە، لەگەڵ هەڵبژاردنەكانی ئەمدواییەی ئەنجوومەنی گەل لە سووریا تاوتوێ كران.
بەگوێرەی راگەیەنراوی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، هەردوولا دووپاتیان لەسەر گرنگیی بەشداریی كورد لە پرۆسەی سیاسی و دامەزراوە سیاسی، تەشریعی و كارگێڕییەكانی سووریادا كردەوە وەك بنەمایەكی سەرەكی بۆ مسۆگەركردنی مافە ڕەواكانیان.
لەو چوارچێوەیەدا نێچیرڤان بارزانی، دووپاتی لەسەر ڕۆڵ و ئامادەیی كاریگەری (ئەنەكەسە) و گرنگیی یەكهەڵوێستیی كورد لە سووریا و بەردەوامیی گفتوگۆ و لێكگەیشتنی نێوان سەرجەم لایەنە كوردییەكان كردەوە.
هەروەها هاندەر بوو بۆ پەرەپێدانی پێوەندی و هاوكاریی هاوبەش لەگەڵ دیمەشق، لە پێناو دۆزینەوەی چارەسەرێكی گشتگیر بۆ كێشە سیاسییە هەڵپەسێردراوەكان، بەو شێوەیەی كە ئاسایش و سەقامگیری بپارێزێت.
لای خۆیەوە شاندی میوان كورتەیەكیان لەبارەی چالاكی و هەوڵە سیاسییەكانی ئەنجوومەنەكە خستەڕوو، هەروەها سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ پشتگیریی بەردەوامی سەرۆك نێچیرڤان بارزانی و هەرێمی كوردستان بۆ كورد لە سووریا دەربڕی.
مەترسییەكانی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش و جووڵەكانی ئەمدواییەی لە ناوچەكەدا، تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكە بوو.
لەمبارەیەوە تیشك خرایە سەر سەردانی ئەمدواییەی تۆم باراك نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ كاروباری عێراق و سووریا، بۆ هەولێر و كۆبوونەوەی هاوبەشی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی و مەزڵووم عەبدی، كە تێیدا دووپات لەسەر پەرەپێدانی هاوكاریی هاوبەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر كرایەوە.