ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان رای دەگەیەنێت، كارا نەكردنەوەی پەرلەمان دەبێتە هۆی دروستبوونی بۆشایی یاسایی و لاوازبوونی میكانیزمەكانی چاودێری.
د. دیندار زێباری ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان، ئاماژەی بەوە كرد كە درێژبوونەوەی كارا نەكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان دوای هەڵبژاردنی خولی شەشەم، كاریگەرییەكی نەرێنی لەسەر پرۆسەی جێبەجێكردنی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان و پەرەپێدانی چوارچێوەی یاسایی هەرێم هەیە.
ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان ڕوونی كردەوە كە زۆربەی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان، بەتایبەتی ئەوانەی لە چوارچێوەی ڕێككەوتننامە نێودەوڵەتییەكان و پانۆرامای خولی گشتگیر (UPR) ئاراستەی عێراق و هەرێمی كوردستان كراون، دووپات لە پێویستی دەرچوونی یاسا و هەمواركردنەوەی یاساكان دەكەنەوە.
بەپێی گوتەی ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان، پەرلەمان وەك دامەزراوەی یاسادانان و چاودێری، ڕۆڵێكی سەرەكی هەیە لە دەرچوونی یاسا و چاودێریكردن لە جێبەجێكردنیان، بۆیە نەبوونی پەرلەمان بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ كاریگەریی لەسەر پابەندبوونی هەرێم بە ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان دەبێت.
د. زێباری ئاماژەی بەوەش كرد كە لە ڕاپۆرتەكانی هەڵسەنگاندنی جێبەجێكردنی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان، ژمارەیەك لە ڕاسپاردەكان هێشتا چاوەڕێی تەواوكردنی ڕێكارە یاساییەكانن، بەتایبەتی ئەوانەی پێوەندییان بە دەرچوونی یاسا نوێ و هەمواركردنەوەی یاسا هەنووكەییەكانەوە هەیە.
لە هەمان كاتدا ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان دووپاتی لەسەر گرنگی پەسندكردنی ژمارەیەك لە یاسا و پڕۆژەیاسا سەرەكییەكان كردەوە كە پێوەندییان بە پاراستنی مافەكانی مرۆڤ، بەرەنگاربوونەوەی جیاكاری، پاراستنی مافەكانی منداڵ، بیمەی تەندروستی و چاكسازییە یاساییەكانەوە هەیە.