هێمن هادیەسوور: لەژێر گوشاردام بۆ ئەوەی کۆدی مۆبایلەکانم ئاشکرا بکەم

:: PM:10:34:18/06/2026 ‌
ئەمڕۆ پێنجشەم 18ی حوزەیرانی 2026، هێمن هادیەسوور لە ڕێگەی پەیامێکی کراوەوە داوا لە سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی و دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ دەکات بێنە دەنگ لەسەر پاراستنی مافە یاسایی و کەسییەکانی، و ئاشکرای دەکات کە لەژێر گوشاردایە بۆ ئەوەی کۆدی مۆبایلەکانی ڕادەستی ئەو لایەنانە بکات کە گرتبوویان.

هێمن هادیەسوور لە پەیامێکدا کە لە هەژماری تایبەتیی خۆی بڵاوی کردووەتەوە، ڕای گەیاندووە کە بە فەرمانی هەندێک کەس و لایەن، هەوڵی بەردەوام هەیە بۆ شکاندنی کۆدی مۆبایلەکانی بەبێ خواست و ئیرادەی خۆی.

ناوبراو ئاماژە بەوە دەکات کە لە کاتی گرتنیدا ڕووبەڕووی ئەشکەنجە، هەڕەشە و سووکایەتی بووەتەوە، بەڵام سوور بووە لەسەر نەدانی کۆدی مۆبایلەکانی، ئەوەش تەنیا لەپێناو "پاراستنی حورمەتی خێزان و ئازیزانی".

سەبارەت بە هۆکاری گرتن و ڕووداوەکان، هێمن هادیەسوور دەڵێت، ئەم کێشەیە لەپای بەهاناوەچوونی برام بەرۆکی گرتم، کاتێک هەوڵم دا ڕێگری بکەم لە سووتانی جەرگی دایکان و ئەو ڕۆڵانەی بەزۆر تاڵاوی شەڕێکی ناپێویستیان پێ نۆش دەکرێت.

ناوبراو داوا لە داواکاری گشتی و ناوەندە مافییەکان دەکات بە ڕێکاری یاسایی دۆسیەیەکی بۆ بکەنەوە لە دادگایەکی بێگەرد. دووپاتیش دەکاتەوە کە ئامادەیە گەردنی لە ئاست یاسا و دادپەروەری نەوی بێت، ئەگەر تێوەگلابێت لە هەر تاوانێکی وەک (سیخوڕی، کوشتن یان تێکدانی ئاسایش، مادەی هۆشبەر، یان کارکردن دژی قەوارەی هەرێم).

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، هێمن هادیەسوور داوا دەکات هاوکاریی بکرێت تا وەک کوردێکی ئازاد و مەدەنی لەسەر هەڵوێستەکانی خۆڕاگر بێت و بتوانێت داکۆکی لە مافەکانی خۆی و هاوڕێکانی بکات.


وشە - پۆڵا مەحموود