ئەمڕۆ هەینی 19ی حوزەیرانی 2026، نەسیف جاسم خەتابی پارێزگاری کەربەلا، ڕێنوێنیی دا بۆ ناونانی یەکێک لە شەقامە سەرەکییەکانی سەنتەری پارێزگاکە بە ناوی "شەقامی هەڵەبجە".
لە ڕاگەیەنراوێکی نووسینگەی پارێزگاری کەربەلادا هاتووە، ئەم بڕیارە وەک پێزانینێکە بۆ هەڵوێستی مرۆیی و نیشتمانیی خەڵکی پارێزگای هەڵەبجەی خۆڕاگر لەگەڵ خەڵکی کەربەلا. بۆیە پارێزگاری کەربەلا بڕیاری داوە کە یەکێک لە شەقامە سەرەکییەکانی ناوەندی پارێزگای کەربەلا بە ناوی "شەقامی هەڵەبجە" ناوبنرێت.
ئەم بڕیارەی پارێزگاری کەربەلا دوای ئەوە دێت کە خەڵکی هەڵەبجە و ناوچەی هەورامان، بە پیر و گەنجەوە، بۆ چەندان ڕۆژ شانبەشانی تیمەکانی بەرگریی شارستانی، لە ناو ئاوی زەڵمدا بەدوای تەرمی ڕوقیەی تەمەن 11 ساڵدا گەڕان کە لە ڕەچەڵەکدا خەڵکی کەربەلا بوو.
لەو ڕووداوەدا کە کچە گەشتیارەکە کەوتە ناو ئاوی هاوینەهەواری زەڵم لە ئەحمەدئاوا، خەڵکی ناوچەکە و گەنجانی خۆبەخش هەموو شێوازەکانی گەڕانیان تاقیکردەوە و تەنانەت چەندان جار ڕێڕەوی ئاوە خوڕەکەی زەڵمیان گۆڕی بۆ دۆزینەوەی تەرمەکەی، هاوکات بەردەوام لەگەڵ باوک و کەسوکاری خنکاوەکەدا بوون بۆ ئەوەی دڵنەوایییان بدەنەوە، ئەمەش وای کرد دەسەڵاتدارانی کەربەلا وەک ڕێزێک بۆ ئەو هەڵوێستە جوانەیان، شەقامێک بە ناوی شارەکەیانەوە بکەن.