سەرۆكایەتی زانكۆی سلێمانی لە راگەیەنراوێكی فەرمی ئاشكرای دەكات دوای بڵاوبوونەوەی چەند دەنگۆییەك لەسەر دكتۆر عەبدولەتیف لیژنەیەك پێك دەهێنێت بۆ لێكۆڵینەوە و دواتر بە شەفافانە ئەنجامەكەی بڵاو دەكاتەوە.
ئەمڕۆ هەینی 19ی حوزەیران سەرۆكایەتی زانكۆی سلێمانی لە راگەیەنراوێكدا دەڵێ، "سەرۆکایەتیی زانکۆی سلێمانی وەک دامەزراوەیەکی فەرمی و ئەکادیمی، جەخت لەسەر پاراستنی پرەنسیپەکانی یاسا و شەفافییەت دەکاتەوە لە بەدواداچوون بۆ هەر دەنگۆ یان کەیسێک کە پەیوەندی بە مامۆستایان یان فەرمانبەرانی زانکۆوە هەبێت".
هەروەها لە بەشێكی تر ئاماژە بۆ ئەوە دەكات دوێنێ لیژنەیەك بۆ لێكۆڵینەوە لەسەر ئەو شتانە پێكهاتووە كە لە چەند رۆژی رابردوودا لە سۆشیال میدیا لەسەر دكتۆر عەبدولەتیف بڵاوكراوەتەوە، لە راگەیەنراوەكە هاتووە، "سەبارەت بەو دەنگۆیانەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەسەر (د. عەبدوللەتیف ئەحمەد مستەفا، مامۆستای کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان) بڵاوبوونەتەوە، سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی وەک دامەزراوەیەکی فەرمیی و بەپێی ڕێکارە یاسایی و کارگێڕییە بەرکارەکان، ڕێکاری پێویستی گرتووەتەبەر و ڕۆژی پێنج شەممە ٢٠٢٦/٦/١٨ لیژنەیەکی باڵای لێکۆڵینەوەی پێکهێناوە".
سەرۆكایەتی زانكۆ ئاشكریشی دەكات كە كاری لیژنەكە بە چاودێری داواكاری گشتی دەبێت، " لەم سۆنگەیەوە، زانکۆی سلێمانی بە وردی بەدوای دەرخستنی ڕاستییەکاندا دەچێت و پڕۆسەی لێکۆڵینەوەکە تاگەیشتن بە ئەنجامی کۆتایی بەردەوام دەبێت، هاوكات هەر جۆرە کەمتەرخەمییەک هەبێت، بەپێی یاسا لێپێچینەوەی بەرامبەر دەکرێت".
لە كۆتاییشدا دووپاتی دەكاتەوە، " کە دەرەنجامی کارەکانی ئەم لیژنە هەرچییەک بێت، بەشێوازێکی شەفاف بۆ ڕایگشتی بڵاودەکرێتەوە".