سەرۆك بارزانی پێشوازیی لە پارێزگاری بەغدا كرد، پارێزگاری بەغدا و شاندی یاوەری ستایشی خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستانیان كرد.
ئەمڕۆ شەموو 20ی حوزەیران، لە سەڵاحەدین سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازیی لە عەتوان عەتوانی پارێزگاری بەغدا و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارەكەدا پارێزگاری بەغدا و شاندی یاوەری ستایشی خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستانیان كرد بۆ گەیشتن بە ئازادی، ڕۆڵی مێژوویی سەرۆك بارزانییان لەو خەباتە دوور و درێژە و هەوڵدان بۆ بنیاتنانی سەقامگیری و تەبایی و بووژانەوەی هەرێمی كوردستان، ڕۆڵیان لە بنیاتنانی عێراقی نوێ بەرز نرخاند.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی ڕۆشنایی خستەسەر تێكۆشان و خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستان لە قۆناغە جیاجیاكاندا، هەروەها ئاشتەوایی و كولتووری لێبوردن و تەبایی بە بنەمای سەرەكیی بۆ پێشكەوتن و بووژانەوەی هەرێمی كوردستان و عێراق لە قەڵەم دا.
لە بەشێكی تری ئەو دیدارەدا بیروڕا لەبارەی ئەزموونی هەرێمی كوردستان، لە گەشەپێدان و هەوڵەكان لە پێناو باشتركردنی دۆخی خزمەتگوزاری و سەقامگیری لە بەغدا و پارێزگاكانی تری عێراق ئاڵوگۆڕ كرا. هەروەها سەرۆك بارزانی پشتیوانیی خۆی بۆ بەستنی كۆنفرانسی پارێزگارانی عێراق لە شاری هەولێر دووپات كردەوە كە لەلایەن سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشنیار كراوە و بە هەنگاوێكی گرنگ و ئەرێنی وەسف كرد.