دوای بڵاوبوونەوەی ئەو ڤیدیۆ و تۆمارە دەنگیانەی مەلا عەبدولەتیف رابەری رەوتی سەلەفییەكانی كوردستان كە لەگەڵ ئادابی گشتیی ناگونجێ كاردانەوەی زۆر دروست بوون.
زانكۆی سلێمانی لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی پێكهێنا و قوتابیانی زانكۆكەی و چەندان رێكخراوی پەروەردەییش بەیاننامەی جۆراوجۆریان لەبارەیەوە بڵاو كردەوە. بەڵام خەڵكێكی زۆر پرسیاری ئەوەیان كردووە كە بۆچی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هیچ هەڵوێستێكی لەوبارەیەوە نییە، لەكاتێكدا مەلا عەبدولەتیف وتاربێژ و پێشنوێژە.
"وشە" بەدواداچوونی كرد، لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی پرسی و بە گوێرەی قسەی سەرچاوەیەكی ناو وەزارەتەكە، مەلا عەبدولەتیف پێوەندی بە وەزارەتی ئەوقافەوە نییە، چونكە ئەو لەسەر میلاكی وەزارەتەكە نییە و لەسەر میلاكی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەوام دەكات.
مەلا عەبدولەتیف لە تۆمارە دەنگییەكاندا كە وەك خۆی دەڵێ، زیرەكی دەستكردە، لەگەڵ قوتابییە كچەكانی قسە دەكات و لە دەرەوەی ئادابی گشتیی مامەڵە دەكات، ئەوەیش رای گشتیی توڕە كرد.