پارتی دەست بە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكان دەكات

:: AM:10:56:21/06/2026 ‌
بڕیارە پارتی دیموكراتی كوردستان دەست بكات بەسەردانی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەو مەبەستەش شاندێك لەلایەن پارتییەوە دروست كراوە تا سەردانی لایەنەكان بكات.

ئەمڕۆ یەكشەم 21ـی حوزەیران، بەپێی زانیارییەكانی "وشە" شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان لەم هەفتەیە سەردانی لایەنە سیاسییەكان دەكات.

ئەوەیش زانراوە، شاندەكە بۆ جێبەجێكردنی دەستپێشخەرییەكەی سەرۆك بارزانی پێكهێنراوە، ئەندامانی شاندەكە پێكهاتوون لە هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسی، پشتیوان سادق ئەندامی مەكتەبی سیاسی و بەرپرسی مەكتەبی رێكخستنی پارتی لە هەولێر، مەحموود محەمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی و گوتەبێژی پارتی.

ئەوەیش زانراوە كە بەشێكی زۆری لایەنە سیاسییەكان، ئامادەییان بۆ ئەو دەستپێشخەرییە دەربڕیوە و كۆبوونەوەی فراوانیان لەگەڵ شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان دەبێت.

بەستەڵەكی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان تا ئاستێكی زۆر تواوەتەوە، چاوەڕوان دەكرێت ئەم هەفتەیە جووڵەیەكی سیاسیی لە كوردستان هەبێت، بە ئاراستەی كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان و دواتریش پێكهێنانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.


وشە - رامیار جەواد