نێچیرڤان بارزانی: پێشمەرگایەتی بەشێكی سەرەكیی ناسنامەی نیشتمانی و نەتەوایەتیمانە

:: PM:12:06:21/06/2026 ‌
سەرۆكی هەرێمی كوردستان رای دەگەیەنێت، پێشمەرگایەتی بەشێكی زێڕین و سەرەكیی ناسنامەی نیشتمانیمانە، پەرەپێدانی توانای سەربازی بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و هەڕەشەكان گرنگە.

ئەمڕۆ یەكشەم 21ی حوزەیران، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، ناوی پێشمەرگە زۆر پیرۆزە و پێشمەرگایەتی بەشێكی زێڕین و سەرەكییە لە ناسنامەی نیشتمانی و نەتەوەییمان، هەروەها ئەركی هەمووانە پارێزگاری لە مێژووی پڕ لە قوربانیدان و شكۆی پێشمەرگە بكەن. 

سەرۆكی هەرێمی كوردستان داوای لە دەرچووانی خولەكە كرد لە چوارچێوەی هێزێكی یەكگرتوو و پیشەییدا خزمەت بكەن. روونیشی كردەوە تەنیا مەیدانی رووبەڕووبوونەوەی كلاسیك شوێنی ئەركی ئەوان نییە، بەڵكو پێویستە لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی سەردەم و رۆحی داهێنان رابێن و فێربوونی تەكنەلۆجیای سەربازی و راهێنانی بەردەوام بكەنە ستراتیجی كاركردنیان. 

لە بەشێكی تری گوتارەكەیدا، نێچیرڤان بارزانی هۆشداریی دایە ئەفسەرە نوێیەكان بەردەوام پارێزەری بەها شارستانییەكان، دیموكراسی و مافەكانی مرۆڤ بن و گوتیشی، هەرگیز نەبنە بەشێك لە ململانێ و كێشە رامیارییەكان. دووپاتیشی كردەوە هەمیشە وەك هێزێكی نیشتمانیی كوردستانی بمێننەوە و بەرگری لە كەرامەتی مرۆڤ بكەن بەبێ جیاوازیی ئاینی و نەتەوەیی.

نێچیرڤان بارزانی پەیامی یەكڕیزی و پێكەوەژیانی بۆ سەرجەم هێزەكان دووپات كردەوە و ئاماژەی بەوە كرد، هێز و مانەوەی هەرێمی كوردستان بەندە بە تێپەڕاندنی ناكۆكییەكان و دانانی بەرژەوەندییە باڵاكان لە سەرووی هەموو ململانێكانەوە.

 سەرۆكی هەرێمی كوردستان، سوپاسی هێزەكانی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی بە رابەرایەتیی ئەمەریكای كرد بۆ پشتیوانییە بەردەوامەكانیان بۆ پێشمەرگە و سوپای عێراق لە لەناوبردنی تیرۆردا.


وشە - رامیار جەواد