خنكانی هاووڵاتییان لەم دوو هەفتەیەدا زۆر بووە، بەرپرسێكی بەرگریی شارستانی دەڵێت، زۆربەی حاڵەتەكانی خنكانی ئەمساڵ لە ئاوەكاندا بەهۆی ساردیی ئاوەكان و كۆبوونەوەی قوڕ و لیتەوە روو دەدەن.
ئەمڕۆ یەكشەم 21ـی حوزەیران، شاخەوان سەعید گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر، بە "وشە"ـی راگەیاند، ئاوەكانی ئێمە بەگشتی مەترسییان لەسەرە، چونكە ئەمساڵ قوڕ و لیتەیەكی زۆریان تێدا كۆبووەتەوە.
زیاتر گوتی، ئەو كەسانەی بۆ مەلەكردن دەچنە ناویان، لە چەند مەترێكی كەمدا گیر دەخۆن و توانای مەلەكردنیان نامێنێ، وەك ئەو حاڵەتەی كە لە گۆمەسپان رووی دا.
دەشڵێت، گۆڕانكارییەكی زۆر بەسەر ئاوەكاندا هاتووە، رووكەشی ئاوەكان گەرمە، بەڵام ناو ئاوەكە ساردە و ئەوە كەسەی دەچێتە ناوی، لە ناكاو تووشی گرژبوونی ماسولكەكان دەبێت و رووبەڕووی مەترسی دەبێتەوە.
ئاشكرای كرد، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستە حەوت حاڵەتی خنكان لە ئاوەكانی سنووری پارێزگای هەولێر روویان داوە و تەرمەكانیان دەرهێناونەتەوە.