دەقی گوتاری مەسروور بارزانی لە کاتى دانانى بەردى بناغەى مزگەوتى گەورەى بارزانى

:: PM:04:38:21/06/2026 ‌
مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان لەكاتی دانانی بەردی بناغەی مزگەوتی گەورەی بارزانی لە هەولێر رای گەیاند، ئەم مزگەوتە گەورەیە تەنیا شوێنێك نابێت بۆ خوداناسی، بەڵكو شوێنێكە بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین لە زۆر لایەنەوە لە رووی دین و ئاینەوە خزمەتی گەلەكەمان بكەین، خزمەتی ئاینە پیرۆزەكەمان بكەین، خزمەتی پێكەوەژیانی ئاشتییانەی هەموو ئاین و ئاینزاكان بكەین.

سەرۆك وەزیرانی كوردستان گوتی، بۆیە دروستكردنی مزگەوتێك لە شێوەی رەشماڵ و خێمە تەنیا رەنگدانەوەی تەلارسازی كوردی نییە، بەڵكو گواستنەوەی بەشێكی مێژووی ستەمدیدەی گەلەكەمانە بۆ ئەوەی خەڵك بزانێ ئێمە بە چ قۆناغێكدا تێپەڕیوین.


دەقی گوتارەكەی سەرۆكی حكوومەت:

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان. ئامادەبووانی هێژا، مامۆستایانی بەڕێزی ئاینی، شێخانی تەریقەت، بەخێربێن سەر سەر و سەرچاو. زۆر زۆر خۆشحاڵم كە لەم بۆنە گرنگەدا لە خزمەتی ئێوەی بەڕێز و خۆشەویستداین ئەمڕۆ، بۆ دانانی بەردی بناخەی پڕۆژەیەكی ناوازە كە هەستمان كردووە پێویستییەكی مێژوویی و گرنگە بۆ شاری هەولێر و بۆ كوردستانی خۆشەویستمان.

بیرۆكەی مزگەوتی گەورەی بارزانی پێش سێ ساڵ بۆ ئەوە بووە كە ئێمە هەستمان كردووە هەولێر و كوردستان پێویستیان بە هێمایەكە؛ هێمایەكی ئاینی كە رەنگدانەوەی خوداناسی و مرۆڤدۆستی گەلەكەمان بێت، هەروەها رەنگدانەوەی مێژووی پڕ لە سەروەری گەلەكەمان لە دادپەروەری و رووبەڕووبوونەوەی زوڵم و ستەم بێت.

ئەم مزگەوتە گەورەیە تەنیا شوێنێك نابێت بۆ خوداناسی، بەڵكو شوێنێكە بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین لە زۆر لایەنەوە لە رووی دین و ئاینەوە خزمەتی گەلەكەمان بكەین، خزمەتی ئایینە پیرۆزەكەمان بكەین، خزمەتی پێكەوەژیانی ئاشتیانەی هەموو ئاین و ئاینزاكان بكەین.

ویستمان ئەم مزگەوتە بە ناوی بارزانی نەمرەوە بكەین و ناوی لێ بنێین مزگەوتی بارزانی، مزگەوتی گەورەی بارزانی، وەكو وەفایەك بۆ رێزلێنان لە گەورەترین رابەری هاوچەرخی نیشتیمانی و نەتەوەیی گەلەكەمان، كە بووەتە سیمبولی خوداناسی و نیشتمانپەروەری و دادپەروەری و ئاشتەوایی.

هەروەها رەنگدانەوەیەكە بۆ ئەو بەها بەرزانەی كە شێخانی تەریقەتی بارزان بۆ ئێمەیان بەجێهێشتووە. هەر لە زەمانی شێخ عەبدولسەلامی شەهیدەوە تا شێخ ئەحمەدی نورانی و هەموو ئەو كەسایەتییە بەرزە ئاینییانەی كە لە وڵاتی ئێمە، لە گەلی ئێمە هەڵكەوتوون، ئەمە دەبێتە شوێنێك بۆ یادكردنەوەی ئەم پیاوە گەورانە.

ئەم مزگەوتە لە چەندین بەشی جیاواز پێكدێ، هەر وەك دەیبینن، بەشێكی زۆری تەرخان كراوە بۆ نوێژكردن و نزا و تاعت و خوداپەرستی؛ بەڵام بەشی تریشی تێدایە بۆ بۆنە ئاینییەكانی كە لە هەموو ساڵدا پێویستە بكەوێتە كار و لە خزمەتی هاوڵاتیاندا بێت. 

شوێنێك دەبێت بۆ فێربوون و خوێندن، بۆ ئەو قوتابیانەی كە دەیانەوێ لە رووی زانستی ئاینییەوە خۆیان پێ بگەیەنن. ئێمە ناوەندێكی گەورەی پێشكەوتوو دادەمەزرێنین كە بكەوێتە خزمەتیان. هەروەها چالاكی جۆراوجۆری ساڵانەیان دەبێت كە دیسان هەمووی هەر لە خزمەتی هاوڵاتیان و بەتایبەتی چینی هەژاری گەلەكەماندا دەبێت.

شوێنێك دەبێت بۆ پەرەپێدان بە پێكەوەژیانی ئاینی، پێكەوەژیانی هەموو ئاین و ئاینزاكان، هەموو نەتەوە جیاوازەكان كە ئێمە لە كوردستان شانازی پێوە دەكەین. راستە وڵاتی ئێمە پڕە لە شوێنی خوداپەرستی بۆ هەموو ئاینە جیاوازەكان لەخوابەزیادبێت؛ بەڵام هەستمان كرد پێویستیمان بە سیمبولێكی گەورەیە كە دیسان شاری هەولێری خۆشەویست لەسەر ئاستی نەخشەی جیهانی، جێگەی بەهۆی ئەم جۆرە هێمایانە زیاتر پڕبكرێتەوە. 

لە رووی رووبەرەوە ئەم پڕۆژەیە، ئەم مزگەوتە دەبێتە گەورەترین لەسەر ئاستی جیهان. هەر لەگەڵ ئەو مزگەوتە پاركێكی یەكجار گەورە، كە چەندین درەخت و سەوزاییشی تێدایە و دەریاچەیەكی گەورەشی تێدا دروست دەكرێ، ئەمەش هەمووی دیسان هەر دەخرێتەوە خزمەتی هاووڵاتییان. ئەم پڕۆژەیە خاوەنی چەندین پێوەری جیهانییە، بەشێكیان لێرە باس كران.

شێوازی مزگەوتەكە لە شێوازی رەشماڵ و خێمە دەچێت، كە لە مێژووی گەلەكەماندا لە هۆزە جیاوازەكانی كوردستاندا رەشماڵ و خێمە شوێنێكی تایبەتیان هەبووە. و زۆرجار لە ئاوارەیی، لە بێكەسی، لە كاتی شۆڕشكردن و بەرخودان و خۆڕاگری و رووبەڕووبوونەوەی ستەم، ئێمە نەمانتوانیوە لە شارەكاندا بژین بەڵكو پەنامان بردووە بۆ خێمە و بۆ رەشماڵ. هەر ئەمەش شوێنێك بووە كە جەنابی بارزانی نەمر زۆرجار تێیدا حەواوەتەوە. 

بۆیە دروستكردنی مزگەوتێك لە شێوەی رەشماڵ و خێمە تەنیا رەنگدانەوەی تەلارسازی كوردی نییە، بەڵكو گواستنەوەی بەشێكی مێژووی ستەمدیدەی گەلەكەمانە بۆ ئەوەی خەڵك بزانێ ئێمە بە چ قۆناخێكدا تێپەڕیوین.

ئەوەی جێی دڵخۆشییە ئەم تەلارسازییە بە بیرۆكەیەكی كوردی و بە دەست و بازووی ئەندازیاری كوردەوە دروست كراوە. جێی خۆیەتی باسی ئەوە بكەم كە وەختێك ئێمە بیرۆكەكەمان باس كرد لەگەڵ بەڕێز وەزیری ئەوقاف، كاك پشتیوان، ئێمە بە دوای كەسێكی بەتوانادا دەگەڕاین كە بتوانێ یارمەتی ئێمە بدا لە دروستكردنی ئەم بیرۆكەیە یان ئەم بیرۆكەیە بكا بە ئەمری واقع. 

دواتر كاك دكتۆر گۆران، ئەو هات و لەگەڵی دانیشتین دوای چەندین جار قسەكردن، چەندین گۆڕانكاریشمان بەسەر دیزاینەكەدا كرد، بەڵام لە ئەنجامدا گەیشتینە ئەم شێوازەی كە ئێستا لەبەرچاوتانە. دەستخۆشی لە كاك موهەندیس گۆران دەكەم، بەڕاستی كارێكی ناوازەی كردووە، وە ئینشائەڵڵا هەر زوو دەست دەكەین بە دروستكردنی ئەم مزگەوتە گەورەیە كە بكەوێتە خزمەتی هەموو هاونیشتیمانیانی بەڕێز.

من جێی خۆیەتی سوپاسی هەموو ئەو بەڕێزانەش بكەم كە ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ ئەوەی بەشدار بن لە بەئەنجامگەیاندنی ئەم پڕۆژە گەورەیە. 

لە كۆتاییدا ئەم پڕۆژەیە، ئەم مزگەوتە گەورەیە دەبێتە هێمایەك، دەبێتە سیمبولێك كە پێشان دەدات گەلی ئێمە، گەلێكی خواپەرستە، گەلێكی مرۆڤدۆستە، گەلێكی دادپەروەرە، و هەمیشە ئامادەین لەپێناو خزمەتكردن بە گەل و وڵاتمان بە رێگەی ئاین و خوداناسی بەردەوام بین. 

هەروەك خوداش دەفەرموێ، خۆشەویستی نیشتیمان لە ئایینەوە هاتووە، بۆیە ئەم مزگەوتە دەكەوێتە خزمەتی هەموو هاووڵاتییان، هیوادارم بەردەوام بن لە خوداپەرستی و بەردەوام بن لە رێزگرتن لە بەها بەرزەكانی گەلەكەمان، لە خۆشەویستی وڵاتەكەمان. 

ئێوە هەر سەركەوتوو بن، وڵاتیشمان هەر ئاوەدان بێت. زۆر زۆر سوپاس بۆ هاتنتان.


وشە - وشه‌