بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سۆران ئاگەدارییەك ئاراستەی شۆفێران دەكات و رای دەگەیەنێت، بە مەبەستی ئەنجامدانی كارێكی ئەندازیاری، سبەی بۆ چەند سەعاتێك رێی گەلی عەلی بەگ دادەخرێت.
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سۆران بڵاویكردەوە، بە مەبەستی پاراستنی گیانی شۆفێران و كەمكردنەوەی رووداوەكانی هاتوچۆ، سبەی دووشەم دەست دەكەن بە دروستكردنی (Rumble strips - ڕەگلەی بۆیاغ) لەو پێچانانەی ڕێگەی گەلی عەلی بەگ كە مەترسیدارن.
ئاماژە بۆ ئەوە كراوە كە كارەكان لە سەعات 9:00ـی بەیانی دەستپێدەكەن و تا 5:00ـی ئێوارە بەردەوام دەبن. ئاراستەی هاتن لە هەولێرەوە بۆ (سۆران)، ڕێگەی گەلی عەلی بەگ بە رووی شۆفێراندا دادەخرێت و پێویستە شۆفێران ڕێگەی (بێخاڵ) وەك ڕێگەی جێگرەوە بەكاربهێنن.
هەروەها ئاراستەی چوون بەرەو (هەولێر)، رێگەی گەلی عەلی بەگ بە كراوەیی دەمێنێتەوە و شۆفێران دەتوانن بەكاریبهێنن.
داوا لە شۆفێران كراوە پابەندی ڕێنوێنییەكان بن و ئارام بگرن تا كارەكان بەكۆتا دێن.