لە پیرمام سەرۆك بارزانی پێشوازی شاندێكی گرووپی دۆستایەتی كەنەدی و كوردیی پەرلەمانی كەنەدا كرد كە پێكهاتبوو لە زیاد عەبدولەتیف ئەندامی پەرلەمانی كەنەدا و ئەحمەد حوسێن ئەندامی پەرلەمانی كەنەدا و وەزیری پێشووی گەشەپێدانی نێودەوڵەتیی حكوومەتی كەنەدا.
لەدیدارەكەدا شاندی میوان وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆیان بۆ دیداریان لەگەڵ سەرۆك بارزانی، دووپاتیان لە ڕەوایەتیی دۆزی گەلی كوردستان كردەوە و پێزانینیان بۆ خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستان و قارەمانێتیی پێشمەرگە لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش هەبوو.
هەروەها كورتەیەكیان لەبارەی كار و چالاكییەكانی گرووپی دۆستایەتی كەنەدی و كوردی لە پەرلەمانی كەنەدا و هاوئاهەنگییان لەگەڵ فیدراسیۆنی ڕەوەندی كوردی و ڕۆڵی ئەو فیدراسیۆنە لە پشتگیریی دۆزی گەلی كوردستان خستەڕوو. خوازیاری ئەوە بوون دۆستایەتی و پێوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و كەنەدا لە بواری ئابووری و تەكنەلۆژیا فراوانتر بكرێت.
لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی سوپاسی پشتگیری و هاوكارییەكانی گەل و حكوومەتی كەنەدای كرد كە لە قۆناغە جۆراوجۆرەكان و بە تایبەت لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش پاڵپشتی گەلی كوردستان و پێشمەرگە بوونە.
سەرۆك بارزانی پشتیوانیی خۆیشی بۆ قووڵتركردنی دۆستایەتی و پێوەندی نێوان گەلی كوردستان و گەلی كەنەدا دووپات كردەوە و لەوبارەیەوە بەرچاوڕوونی پێویستی خستەڕوو.