كۆلێژی زانستە ئیسلامییەكان: بە زووترین كات دۆسیەی عەبدولەتیف سەلەفی یەكلا بكرێتەوە

:: PM:04:32:22/06/2026 ‌
لەبارەی كەیسەكەی مەلا عەبدولەتیف سەلەفی ئەنجوومەنی كۆلێژی زانستە ئیسلامییەكان پەیامێكیان بڵاو كردەوە و داوا دەكەن لێكۆڵینەوەیەكی دادپەروەرانە لەو پرسەدا بكرێت. 

ئەنجوومەنەكە دەڵێن، بەر لەوەی لیژنەی لێكۆڵینەوە پێكبهێندرێت لەو دۆسیەیە و دەست بە كاری لێكۆڵینەوە بكرێت، هەندێك خەڵك نابەرپرسانە لەبری لیژنە و دادگە و هەموو لایەنە یاساییە پێوەندیدارەكان، پێشوەختە بڕیاری كۆتاییان لەسەر بابەتەكە دەركردووە و لەو رێگەیەوە مافیان بە خۆیان داوە دوور لە هەموو بەها و ئادابێكی ئاینی و كۆمەڵایەتی و یاسایی، بكەونە سوكایەتیكردن و تۆمەت بەخشینەوە بەسەر تێكڕای مامۆستا و خوێندكارانی كۆلێژەكە.

ئاماژە بۆ ئەوە كراوە كە مامۆستایانی زانكۆ بەگشتی و مامۆستایان و ئەندامانی دەستەی وانەبێژیی كۆلێژی زانستە ئیسلامییەكانی زانكۆی سلێمانی هۆشیارن و زۆر بە باشی ئەرك و بەرپرسیارێتیی شەرعی و یاسایی و زانستی و پەروەردەیی خۆیان دەزانن و بە پەرۆشی و لە روانگەی هەستكردنیان بەو بەرپرسیارێتییە گەورەیەی سەر شانیان، بە هیچ شێوەیەك ناكەونە ژێر كاریگەریی سۆز و عاتیفە و هەڵنان و ئاراستەكردنی هیچ كەس و لایەنێك یان پەیج و ئەكاونتێكی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، پێش كارەكانی لیژنەی لێكۆڵینەوە ناكەون و لەبری لایەنە یاساییە بەرپرس و پێوەندیدارەكان بڕیار دەرناكەن لەسەر ئەو دۆسیەیە و هیچ دۆسیەیەكی هاوشێوەی تر نە لەناو زانكۆ و نە لە دەرەوەی حەرەمی زانكۆ.

لە كۆتایشدا دەڵێن، داواكارین لە لایەنی كارگێڕی و یاسایی بەرپرس و لیژنەی لێكۆڵینەوە، بە زووترین كات كاری رژد دەست پێ بكەن لەسەر دۆسیەكە و هەوڵ بدەن بۆ گەیشتن بە ئەنجامی راست و دروست و یەكلاكردنەوەی كەس و لایەنی تاوانبار یان بێ تاوان و گەڕانەوەی ماف بۆ خاوەن ماف.



وشە - وشه‌