ئەمڕۆ دووشەم 22ی حوزەیرانی 2026، نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، لەو سووکایەتییە هاتە دەنگ کە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە ڕۆژنامەنووسێکی کرد و بە "حوشتر” ناوی برد.
ئەمڕۆ لە کاتی سەردانی بافڵ تاڵەبانی بۆ لای پاتریارک مارپۆڵسی سێیەم نۆنا سەرۆکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان، لە کەنیسەی ماریوسف لە سلێمانی، ڕۆژنامەنووسێک پرسیارێکی لەبارەی "نەوەی نوێ" لە تاڵەبانی دەکات، بەڵام ئەو بە شڵەژانەوە بە وەڵامێک سووکایەتیی پێ کرد و بە وشەیەکی نەشیاو پێی دەڵێت، کەی کاتی نەوەی نوێیە حوشتر؟
لە بەرانبەر ئەم قسەدا، حاکم ئازاد نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە "وشە"ی ڕاگەیاند، چەندان جار لە شوێنی جیاجیاوە سەیری لێدوانەکەم کردەوە، چونکە باوەڕم نەدەکرد بافڵ تاڵەبانی ئەم قسەیە بکات.
حاکم دووپاتی کردەوە کە پێویستە بافڵ تاڵەبانی بەفەرمی داوای لێبووردن لە تەواوی ڕۆژنامەنووسانی کوردستان بکات بەهۆی ئەو سووکایەتییەوە.
نەقیبی ڕۆژنامەنووسان داواکارییەکی ئاراستەی داواكاری گشتیش کرد و گوتی، دەبێت داواکاری گشتی سکاڵایەک بجووڵێنێ دژی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەهۆی ئەوەی بێڕێزیی بەرانبەر دەسەڵاتی چوارەم لە کوردستان کردووە.
لە کۆتاییدا، حاکم ئازاد ڕوونی کردەوە، ئەم کارە جگە لەوەی ڕێزنەگرتنە لە پیشەی ڕۆژنامەنووسی و پێشێلکردنی یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007ـە، لە هەمانکاتدا دەستدرێژییە بۆ سەر هەموو دامەزراوە و داودەزگاکانی هەرێمی کوردستان.