لە كاتێكدا سەرۆكی یەكێتی بە ئاشكرا سووكایەتی بە رۆژنامەنووسان دەكات و پێیان دەڵێ "حوشتر"، بەڵام هیچ كام لەو رێكخراو و رۆژنامەنووسانەی كە لەو شارەدا هەن، نوقەیان لێوە نایەت.
شەوی رابردوو بافڵ تاڵەبانی لەبری وەڵامدانەوەی پرسیارێكی رۆژنامەنووسان گوتی، "ئێستە كەی كاتی پرسیارە لەبارەی نەوەی نوێ هەی حوشتر"، ئەو قسەیە دەنگدانەوە و ناڕەزایی زۆری لێ كەوتەوە، بەڵام ئەو رۆژنامەنووس و بەناو چالاك و رێكخراوانەی كە بەردەوام وەك خۆیان دەڵێن، داكۆكی لە مافی رۆژنامەنووسان دەكەن، لەوبارەیەوە نوقەیان لێ نایەت.
هانا چۆمان رۆژنامەنووس لەوبارەیەوە نووسیویەتی، سەیرە كەس ناوێرێت كەمپین بكات، رێكخراوی دابەستەی ڕۆژنامەنووسیش فزەی لێوە نایەت و ئێن ئاڕتیش ناڵێت چاودێران پێیان وایە سووكایەتییە، هەروەك كەسیش ناوێرێت بڵێت كاكە ئیحترامی خۆت ناگری، هی خەڵك بگرە خۆ ئێمە ئەندام مەڵبەند نین.
"پەیامنێرەكە ئەگەر غیرەتی هەبوایە دەبوو مایكەكە لە بناگوێی بدات، بڵێت من كادری حزبەكەت و نووسنیگەكەت نیم ئەگەر تفیشم تێبكەی قسە نەكەم"، چۆمانی وای نووسیوە.
هەروەك نووسیویەتی، "عەیبە بە رۆژنامەنووس بڵێی حوشتر، ئاخر میدیاكارەكە و دەزگاكەی و هەموو خاوەنی ئەو مایكە ئەگەر یەك تۆز شعووریان هەبێت، هیچ نەبێ بە بەبیاننامەیەك پێت بڵێن كاكە ئاگاداری دەمی خۆت بە، ئێمە ئەندامی سەركرایەتییەكەت، مەڵبەند و كۆمیتەكانت نین بە دایك و خوشكمان بێیتە خوارەوە و بڵێن راستە سەرۆك".
هەر لەوبارەیەوە ئامانج عەلی خۆشناو چاودێری سیاسی، بۆ "وشە" دەڵێ، ئەو لووتكەی بێڕێزییە نەدەبوو قبووڵ بكرێت، لانی كەم ئەو بەناو چالاك و رێكخراوانەی سلێمانی كە بەرانبەر زۆر شتی تر قسەی جۆراوجۆریان هەیە، بوێری ئەوەیان هەبووایە بەیاننامەیەك بڵاو بكەنەوە.
ڕوونیشی كردەوە كە بەو بێدەنگییەی دەستەبژێرییەی سلێمانی، بە تەواوی هێمای پرسیار دەكەوێتە سەریان كە ئەوانە تەنیا دەتوانن بەرانبەر حكوومەت و پارتی قسە بكەن و بوێریی تریان نییە.