رەحمان غەریب: ئەو بێدەنگییە بەرانبەر "حوشتر" سامناك و خەمناكە

:: PM:04:20:23/06/2026 ‌
رێكخەری سەنتەری میترۆ لەبارەی سووكایەتیی سەرۆكی یەكێتی بە رۆژنامەنووسان رای گەیاند، چاوەڕوانیی ئەوە بووم لەناو یەكێتییەوە دەنگێك بەرز بێتەوە، یان دامەزراوەیەكیان داوای لێبوردن بكات، بەڵام بێدەنگراوان بێدەنگ كراون.

لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا، رەحمان غەریب رێكخەری سەنتەری میترۆ رای گەیاند، سووكایەتییەكەی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەرانبەر رۆژنامەنووسان شەرمەزاركەرە، بێدەنگی هاوكارەكانیشی كە لە بەردەمیدا بوون، شەرمەزارییەكی ترە.

"چاوەڕوانیی ئەوە بووم لەناو یەكێتییەوە دەنگێك بەرز بێتەوە، یان دامەزراوەیەكیان داوای لێبوردن بكات، بەڵام بێدەنگراوان بێدەنگ كراون. راستییەكەی ئەمە شێوازی ئاخاوتنی بێت لەگەڵ دەرەوەی خۆی، دەبێت لەگەڵ هەڤاڵەكانی چۆن قسە بكات؟ بەتایبەتیش كە تووڕە دەبێت"، رەحمان غەریب وای نووسیوە.

هەروەها دەڵێ‌، ئەگەر بەرپرسی لقی چواری پارتی ئاری هەرسین، ئەو سووكایەتییەی بە ڕۆژنامەنووسێكی یەكێتی بكردایە چی رووی دەدا، هەمان بێدەنگی هەمان هەڵویست و دێزەبەدەرخۆنە دەكرا؟ هاوپشتیی نێوان رۆژنامەنووسان گرنگە، دەبێ بێ ترس لەسەر دیاردەی سووكایەتیكردن بە رژنامەنووسان و پیشەكەیان قسە بكەن.

دووپات دەكاتەوە كە ئەو بێدەنگییەی هاوكارانی ئەو رۆژنامەنووسە و لقی سلێمانیی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی یەكێتیش، سامناك و خەمناكە، بۆ گەیشتن بەو ئاستە لە هاوپشتیكردنی یەكتر، كە بەرگریت لە خۆت پێ نەكرێ، چۆن دەتوانی بەرگری لە بەرژەوەندیی گشتی بكەیت؟.



وشە - وشه‌