مەسروور بارزانی: ناردنی 120 ملیار دینار بۆ بەغدا هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە

:: PM:08:50:23/06/2026 ‌
ئەمڕۆ سێشەم 23ی حوزەیرانی 2026، مەسروور بارزانی سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، دوای کردنەوەی پارکی باخچە هەڵواسراوەکانی بابل لە شارۆکەی عەنکاوە، سەبارەت بە پرسی ناردنی 120 ملیار دینار بۆ بەغدا بە مەبەستی ناردنی مووچە، ڕای گەیاند کە ئەو داواکارییە هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە.

مەسروور بارزانی لە لێدوانێکدا گوتی، پێشتریش باسم کردووە، ناردنی 120 ملیار دینار بۆ بەغدا هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە کە دەبێت ئەو بڕە پارەیە بدرێت بە بەغدا تا مووچە بنێردرێت.

ڕوونی کردەوە کە ئەوەی لە یاسادا هاتووە ئەوەیە، دەبێت نیوەی داهاتە فیدراڵییەکان ڕادەستی حكوومەتی فیدراڵی بکرێتەوە.

سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش دا، ئەم بڕەی دیاری کراوە کە 120 ملیارەکە، لە حكوومەتی پێشووی فیدراڵ وەک بڕیارێک بووە، ئێستەش خەریکی ئەوەین بتوانین پێداچوونەوە بەوەدا بکەین.

لە کۆتاییدا هیوای خواست کە داهاتە ناوخۆییەکان لەسەر ئاستی هەموو عێراق و بەتایبەتی هەرێمی کوردستانیش زیاد بکرێت، و دووپاتی کردەوە کە چەند داهات زیاتر بکرێت، ئەوکاتە هەرێمی کوردستانیش دەتوانێت زیاتر بەشدار ببێت.


وشە - پۆڵا مەحموود