دوای گرتنی شاسوار عەبدولواحید لەلایەن بافڵ و ناچاركردنی بەڕێككەوتن، ئێستە ئەوەی مافی خورا خاوەن پشكەكانی چاڤیلاندن و كەسیش گوێیان لێ ناگرێت.
ئەمڕۆ چوارشەم 24ـی حوزەیران، سۆران حەمەسوور یەكێكە لە خاوەن پشكەكانی چاڤیلاند، بە "وشە"ـی راگەیاند، لە سەرەتای گرتنی شاسوار، ئێمە وامانزانی لەسەر داوای ئێمە گیراوە و مافی 13 ساڵی رابردوومان بۆ دەگەڕێتەوە، بەڵام ئەوەی دواتر تێی گەیشتین ئەوەیە بابەتەكە لایەنی سیاسییە.
زیاتر گوتی، ئەوەی ئێستە دەگوزەرێت هیچ كەسێك لەسەر مافی ئێمە نایەتە دەنگ، مافی ئێمە بەپێی ئەو رێككەوتنە سیاسییەی بەزۆر كراوە و كەسیش وەڵاممان ناداتەوە.
باسی لەوەش كرد، دۆسیەی خورانی پارەی سەتان كەس وەلا نراوە و حیسابمان بۆ ناكرێت، چ لە گیرانی و چ لە بەردانی، حیساب بۆ ئێمە نەكرا.
لە شەوی 12ی ئابی 2025، لەلایەن هێزە تەناهییەكانی پۆلیسی سلێمانی لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی لە گوندی ئەڵمانی، شاسوار گیرا، دواتر بە رێككەوتنێكی ناو گرتووخانە بەبێ گەڕانەوە بۆ دادگا، لەلایەن بافڵەوە ئازاد كرا.
ئەوكات بڕیاری گرتنی بەپێی مادەی 431 لە یاسای سزادانی عێراقی (كە تایبەتە بە هەڕەشەكردن) ئەنجام درا، ئەمەش بەهۆی سكاڵایەكی پێشووی پەرلەمانتاری پێشوو، شادی نەوزاد بوو كە تۆمەتباری كردبوو بە هەڕەشەكردن لێی.
شاسوار عەبدولواحید لە 14ی كانوونی دووەمی 2026دا ئازاد كرا، ئەوەی جێی تێبینییە هەرچەندە لەسەر كەیسی یەكەم ئازاد كراوە، بەڵام هێشتا چەندان دۆسیە و سكاڵای یاسایی تری (پێوەندیدار بە چاڤی لاند و قەرزی كۆمپانیاكانی) لەسەر ماوەتەوە، كە پێویستە لە داهاتوودا لە بەردەم دادگا ئامادە بێت بۆ ڕوونكردنەوە، بەڵام ئێستە بەپێی بڕیارێكی سیاسی سەرجەم ئەو دۆسیانەی لەسەرە راگیراوە.