لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، یەكێك لە بڕگەكانی تایبەت بوو بە زیادكردنی مووچەی خانەنشینیی كەرتی تایبەت، ئەنجوومەنی وەزیران ئەو پێشنیارەی پەسند كرد.
ئەمڕۆ چوارشەم 24ـی حوزەیران، زێبار محەمەد ئەندامی دەستەی كۆمەڵەی كرێكارانی بازوو، بە "وشە"ـی راگەیاند، یەكێك لە هەنگاوە گرنگەكان بۆ دروستبوونی متمانە لە نێوان كرێكار و دەستبەری زیادكردنی خانەنشینی بوو.
زیاتر گوتی، ئەمڕۆ لەسەر پێشنیاری ئەنجوومەنی کارگێڕی سندوقی خانەنشینی کرێکاران و بەڕێوەبەرایەتی گشتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، ئەنجوومەنی وەزیران كەمترین مووچەی خانەنشینی كرێكارانی كەرتی تایبەتی بە 500 هەزار دینار پەسند كرد.
باسی لەوەش كرد، ئەو كرێكارانەی خانەنشین دەبن، لەسەر سندووقی خانەنشینی دەستەبەری كۆمەڵایەتی ئەو بڕە پارەیان پێ دەدرێت، مانگانە لە كاتی خۆیدا دابەش دەكرێت.
روونی كردەوە، ئێستە زیادكردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ باشتركردنی ژیانی كرێكارانی خانەنشین زۆر گرنگ بوو.
لە بڕگەی دووەمی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستاندا، چاكسازییەكانی بواری خانەنشینی و دەستەبەری كۆمەڵایەتیی كرێكاران خرانە روو. لەو چوارچێوەیەدا ئەنجوومەنی وەزیران، بڕیاری لەسەر پێشنیارێكی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی دا، ئەویش تایبەت بە دیاریكردنی كەمترین مووچەی مانگانەی خانەنشینیی كرێكارانی كەرتی تایبەت بە بڕی 500 هەزار دینار، كە لە خەزنەی خانەنشینی و دەستەبەری كۆمەڵایەتی بۆ كرێكاران دابین دەكرێت.