شەش گۆڤاری زانكۆكانی كوردستان ناویان تۆمار دەكرێت لە گۆڤارە زانستییەكانی دنیا، هەروەها 46 گۆڤار لە زانكۆكانی كوردستان هەڵسەنگاندنی پێویستیان بۆ كراوە كە 23 گۆڤاریان زانستین و 23 گۆڤاریش مرۆڤایەتین.
بە چاودێری و ئامادەبوونی ئارام محەمەد وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، سەرۆك زانكۆ حكوومی و تایبەتەكان، لە هەولێر رێوڕەسمی هەڵسەنگاندن و پەرەپێدانی گۆڤارە زانستییەكانی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان بەڕێوە چوو.
لە گوتەیەكدا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، وێڕای دەستخۆشی و ستایشی گۆڤارە زانستییەكانی زانكۆكان، هانی سەرجەم زانكۆكانی دا هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی متمانەی زیاتری نێودەوڵەتی و كرانەوە بەڕووی دنیای پێشكەوتوو و كێشە و گرفتەكانی كۆمەڵگە بدەن، بۆ ئەمەش وەزارەت پاڵپشت و پشتیوانیان دەبێت.
هاوكات ئاماژەی بەوە كرد كە هەریەك لە گۆڤاری ئارۆ لە زانكۆی كۆیە، گۆڤاری زانكۆی سەڵاحەدین - هەولێر، گۆڤاری پاساری زانكۆی گەرمیان، گۆڤاری زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی، گۆڤاری زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر، گۆڤاری كۆلێجی پزیشكی ددان لە زانكۆی هەولێری پزیشكی، لە ناو گۆڤارە جیهانییەكان تۆمار كراون؛ ئەمەش مایەی شانازییە بۆ گەلەكەمان و هەرێمی كوردستان.
د. ژاڵە سەعید خەتات بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی توێژینەوە و پەرەپێدان، ئاماژەی بە گۆڤارە زانستییەكانی زانكۆكان كرد و دووپاتی كردەوە، 46 گۆڤار لە زانكۆكانی كوردستان هەڵسەنگاندنی پێویستیان بۆ كراوە، 23 گۆڤاریان زانستین و 23 گۆڤاریش مرۆڤایەتین.