پەی بە راپۆرتێك لە ژێر ناوی "سوێندی بەجێنەگەیانراو و مەترسییەكانی داهاتوو" هۆشداریی دەدات

:: PM:01:19:24/06/2026 ‌
دامەزراوەی پەی بەناونیشانی "نرخی بۆشایی یاسایی و سوێندی بەجێنەگەیانراو، كارانەبوونی پەرلەمان، قەیرانی دامەزراوەیی و مەترسییەكانی داهاتوو"، راپۆرتی چوارەم لە خولی شەشەم بڵاو دەكاتەوە.

دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان لە ڕاپۆرتەكەیدا دەڵێت، هەرێمی كوردستان ماوەی زیاتر لە سێ ساڵ و شەش مانگە لە بۆشایی یاسایی و دامەزراوەییدا دەژی. 

دەشڵێت، ئەم دۆخە تەنیا كێشەیەكی سیاسی یان ململا‌نێی نێوان حزبەكان نییە، بەڵكو قەیرانێكی ڕاستەوخۆی پەرلەمانی، یاسایی، دارایی، چاودێری، متمانەی گشتی و نیشتمانییە.

ئاماژەی بەوەش داوە، لەگەڵ ئەوەشدا ماوەی ساڵێك و حەوت مانگ زیاترە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان كراوە، بەڵام تا ئێستە پەرلەمان بەشێوەیەكی ڕاستەقینە كارا نەكراوەتەوە. دەستەی سەرۆكایەتی هەڵنەبژێردراوە، لیژنەكان پێك نەهاتوون، حكوومەتی نوێ متمانەی پەرلەمانی وەرنەگرتووە، بودجە پەسند نەكراوە، چاودێریی حكوومەت نەكراوە و پرسی مووچە و قەیرانە گشتییەكان بەشێوەیەكی دامەزراوەیی نەخراونەتە ناو كارنامەی پەرلەمان.

دامەزراوەی پەی لە ڕاپۆرتەكەیدا تیشكی خستووەتەسەر ئەوەی هەرێم لە دۆخێكی نائاساییدا دەژی، پەرلەمان نییە، بەڵام پەرلەمانتار هەیە، پەرلەمان وەك دامەزراوەیەكی چاودێر و لێپرسینەوە هەڵناسووڕێ، هەڵبژاردن كراوە، بەڵام ئەنجامەكەی نەبووەتە دەسەڵاتێكی دامەزراوەیی و خزمەتگوزاری. دانیشتنی یەكەمی پەرلەمان كە لە (2/12/2024)دا كرا، تا ئێستە بەشێوەیەكی (كراوە) ماوەتەوە و قەیرانەكە بەهۆی نەگەیشتنی هێزە براوەكان بە ڕێككەوتن بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ قووڵتر بووە.

پەی ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە ئاستی سیاسییەوە، هەرێم تووشی پەككەوتنی دامەزراوەكانی دەسەڵات بووە. پارتی، یەكێتی و هێزەكانی تر هەریەك بەشێوەی خۆیان پێداگریی لەسەر پشكی سیاسی و هاوسەنگی دەكەن، بەڵام ئەو ململا‌نێیە لە كۆتاییدا بۆ هاووڵاتییانی ئاسایی دەبێتە دواكەوتنی حكوومەت، بێكاریی پەرلەمان و نەبوونی چاودێری لەسەر مووچە، بودجە، داهات و خزمەتگوزارییەكان. 

هەڵبژاردن دەبوو دەرگای نوێكردنەوەی متمانە بكاتەوە، بەڵام تا ئێستە زیاتر وەك سەرچاوەی ململا‌نێی پۆست و دەسەڵات دەركەوتووە. ململا‌نێكان دۆخی هەرێمیان گەیاندووەتە ئاستێكی قورس و مەترسیدارەوە .

پەی ئەوەشی روون كردووەتەوە كە پێویست بوو لیژنەكانی پەرلەمان لەو ماوەیەدا نزیكەی 680 كۆبوونەوەیان بكردایە. پێویست بوو پەرلەمان لەو ماوەیەدا نزیكەی 156 دانیشتنی بكرایە. پێویست بوو پەرلەمان لەو ماوەیەدا نزیكەی 78 دانیشتنی تایبەتی لەگەڵ حكوومەت بكردایە.

پەی لە راپۆرتەكەیدا ئەوەیش دەڵێت، پێویست بوو لەو ماوەیەدا پەرلەمانتاران سەتان پرسیاریان ئاراستەی حكوومەت بكردایە. پێویست بوو چەندان پڕۆژە و پێشنیازی یاسا پێشكەش، تاوتوێ و پەسند بكردایە. پێویست بوو چەندان یاسای كارپێكراو هەڵسەنگێنراویان بۆ بكرایە و ئەوانەی كە لەگەڵ پێویستییەكانی ئێستەی هەرێم ناگونجێن، هەموار بكرانایە

زیاتر دەڵێت، پێویست بوو یاسا فیدراڵییە پێوەندیدارەكان لە چوارچێوەی هەرێمدا ڕێكبخرانایە و شێوازی جێبەجێكردنیان دیاری بكرایە. پێویست بوو پەرلەمان لە پرسە نیشتمانییەكاندا هەڵوێست و بڕیاری دامەزراوەیی هەبوایە و پێویست بوو بودجەی ساڵانی 2025 و 2026 پەسند بكرایە.



وشە - سۆران عەزیز