ناڕەزاییەكان دژی "حوشتر"ەكەی بافَل تاڵەبانی بەرانبەر رۆژنامەنووسان گەورەتر بووە و رۆژنامەنووسێكی دیاری سلێمانی دەڵێت، خۆزگەم بە سەردەمی مام جەلال كە هەرچەند رەخنەمان بگرتایە، لە گوڵ كاڵتری پێ نەدەگوتین.
بافڵ تاڵەبانی لە وەڵامی پرسیارێكی رۆژنامەنووسێك لە سلێمانی گوتی، "كەی وەختی نەوەی نوێیە هەی حوشتر". ئەمە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو بووەوە ناڕەزاییەكی زۆری دروست كرد، هەمووان بەمەترسی و هێرشی راستەوخۆی دەزانن و دەڵێن ئەمە شێوازی قسەكردنی سەرۆكی نوێی یەكێتییە.
لەمبارەیەوە شوان محەمەد كە رۆژنامەنووسێكی بەئەزموون و دیاری سلێمانییە، گوتارێكی نووسیوە و دەڵێت، پێشتر لە سەردەمی مام جەلالدا "كەس لە گوڵ كاڵتری پێ نەدەگوتین".
شوان دەیگێڕێتەوە، سەرەتای ساڵی 2000 هێشتا میدیای ئەهلی لە دایك نەبووبوو، هێزكانی یەكێتی شەش ئەندامی حزبی كۆمۆنیستی كرێكاریان لە بەردەم ئەمنە سزورەكە بە رۆژی رووناك شەهید كرد، لەودەمەدا كۆمەڵگە زۆر حزبی بوو، كوردستان دوو ئیدارە بوو، 36 رۆشنبیر و رۆژنامەنووس بە مامۆستا شێركۆ بێكەس و كاك رەئووف بێگەردەوە، بەیاننامەیەكمان لەسەر ئەو قەتلوعامەی یەكێتی دەركرد، بەیاننامەكە زۆر توندبوو لەو كاتەدا.
لە درێژەی گێڕانەوەكەیدا دەڵێت، سەرەتای بیرۆكەی بەیاننامەكە گەڕایەوە بۆ من و كاك رێبین هەردی، من رەشنووسی بەیاننامەكەم نووسی و كاك رێبین پێداچوونەوەی بۆ كرد، كەس ئامادە نەبوو بۆمان چاپ بكات، كاك تاریق فاتیح سەرنووسەری هاووڵاتیی ئێستە ئەو دەمە كارگەیەكی چاپی بچووكی هەبوو لەسەر جگەرخانەكەی كاك ئەحمەدی گوڵە، كاغەزی چلوورە و ئایسی چاپ دەكرد، ئەو بۆی چاپ كردین، دوای كەوتینە واژوو كۆكردنەوە، وەك ئاماژەم بۆ كرد 36 كەس واژوویان كرد كە هەندێكیان بە ژن و پیاوەوە یەكێتی بوون، هەندێكیان كادری حزبی شیوعی بوون، ژمارەیەكی تریان رۆشنبیری بێلایەن بوون.
باسی لەوەش كردووە، بەیاننامەیەكی توند بوو لەسەر یەكێتی، كەس بۆی بڵاو نەكردینەوە، مامۆستا بەهادین نووری سەرۆكی بزووتنەوەی دیموكراسیخوازان بوو، رادیۆیەكی هەبوو لە بارەگایەكی بچووك لە نزیك لقی چواری ئێستەی پارتی، بە فەرمانی مامۆستا بەهادین رادیۆكە بەیاننامەكەی بۆ بڵاو كردینەوە، دواتر هەفتانەمەی رێگای كوردستان كۆپییە عەرەبییەكەی، ئەوانیش بەیاننامەكەیان بۆ بڵاو كردینەوە.
دەڵێت، مام جەلال لەو رۆژانەدا لە دەرەوەی وڵات گەڕایەوە، داوای كۆبوونەوەیەكی لێ كردین و چووین بۆ قەڵاچوالان، لەوێ لە هۆڵێكدا دانیشتین و رێگەی پێداین ئازادانە قسە بكەین. بێ هیچ سانسۆرێك قسەمان كرد، كەمێك توند بوو لە وەڵامەكانیدا بەرانبەر ئەو كادرانەی یەكێتی بەو پێیەی ئەوان ئەندامی یەكێتی بوون، بەڵام بۆ ئەوانیش لە گوڵ كاڵتری پێ نەگوتن.. نیوەڕۆش لەلای ئەو میوان بووین و دڵی ئەو چەند برادەرەی یەكێتیشی ئاسایی كردەوە و ئاشتی كردنەوە.
شوان ئاماژە بەوە دەكات، چەندان جار بە كۆمەڵ و چەندان جارێكیش بە تاك مام جەلام بینیوە، هەمیشە رەخنە و ناڕەزایتیمان هەبووە. زۆر ئاسایی گوێی لێ گرتووین و رێزی گرتووین.
لەبارەی سەرۆك بارزانیشەوە دەڵێت، چەند جارێك لە سەردەمی شەڕی ناوخۆ و دواتریش بە گرووپی بچووك و گەورە بینیومانە و گفتوگۆمان لەگەڵدا كردووە، جاری وا هەبووە من قسەی رەقیشم بەرانبەر پارتی كردووە، جارێك لە سەردەمی شەڕی ناوخۆدا كە باڵەخانەی پەرلەمان یەكێتی داگیری كردبوو، لیژنەیەكی رێكخراوە جەماوەرییەكانی حزبەكانی سلێمانی و ژمارەیەك رۆشنبیر سەردانی مام جەلال لە كۆیە و كاك مەسعوودمان لە پیرمام كرد، ئەو دەمە من كادری حزبی شیوعی بووم، بەپێی پێگەی حزبی شیوعی من زمانحاڵی لیژنەكە بووم. لە میانەی قسەكانمدا: كەمێك گەنجانە قسەم كرد و گوتم: كاك مەسعوود تۆ و مام جەلال بەردەوام بن لەسەر ئەم شەڕە ماڵكاولكەرە، تووشی ئاشبەتاڵێكی ترمان دەكەن. وشەی "ئاشبەتاڵ" قورس بوو بەرانبەر كاك مەسعوود بكرێت، بەڵام هیچ پەرچەكردارێكی نەبوو، بە رێزیشەوە بەڕێی كردین.
شوان دەیگێڕێتەوە، ساڵی 2012 لە پیرمام كاك مەسعوود لەگەڵ ژمارەیەك رۆژنامەنووس كۆبووەوە، ئەو دەمە من سەرنووسەری رۆژنامەی ئاوێنە بووم، میوانداری ئەو كۆبوونەیە كراین، كاك مەسعوود ویستی گوێ لە بەشداران بگرێت، لەوێدا من قسەی زۆر زبریشم كرد، خوا هەڵناگرێت لە گوڵ كاڵتری پێ نەگوتین.
لە كۆتاییدا شوان محەمەد دەڵێت، كاتێك كە ئێستە كەسی یەكەمی یەكێتی بە رۆژنامەنووسێك لەبەرئەوەی پرسیارێكی كردووە، پێی بڵێی: "حوشتر"، دەبێت بڵێین خوا رەحم بە ئایندەی "یەكێتی" بكەیت .