حكوومەتی هەرێمی كوردستان تەواوی دۆسیەی زیندانیانی سیاسیی هەرێم دەگوازرێتەوە سەر عێراق، بەمجۆرەش زیندانیانی سیاسی سوودمەند دەبن لە مووچە و هەموو ئەو ئیمتیازانەی بۆ زیندانیانی سیاسی لە عێراقدا هەن.
پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پرسی هاوتاكردنی مووچە و ئیمتیازەكانی زیندانیانی سیاسیی هەرێمی كوردستان و گواستنەوەی دۆسیەیان بۆ سەر حكوومەتی عێراق، وابڕیارە هەفتەی داهاتوو شاندێكی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكات.
گوتیشی، بەپێی ڕێككەوتنی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق، تەواوی دۆسیەی زیندانیانی سیاسیی هەرێمی كوردستان، دەگوازرێتەوە سەر عێراق، بەم جۆرەش زیندانیانی سیاسیی هەرێمی كوردستان سوودمەند دەبن لە مووچە و هەموو ئەو ئیمتیازانەی بۆ زیندانیانی سیاسی كە لە عێراقدا هەن.
بەپێی ئامارەكان لە هەرێمی كوردستان، 26 هەزار و 807 زیندانی سیاسی مووچە وەردەگرن، لە كاتی گواستنەوەیان بۆ سەر حكوومەتی عێراق، مووچەیان لە 500 هەزار دینارەوە دەبێتە ملیۆنێك و 200 هەزار دینار.