ئەمڕۆ چوارشەم 24ی حوزەیرانی 2026، پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد کە کۆمپانیا بیانییەکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان دەستیان بە بەرهەمهێنان کردووەتەوە.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، کۆمپانیای ئێچ کەی ئێن بە بڕی حەوت هەزار بەرمیلی ڕۆژانە دەستیان بە بەرهەمهێنان کردووەتەوە، هەروەها ڕۆژی یەکشەمی داهاتوو لە کێڵگەی ئەترووش ئەو کۆمپانیایە دەست بە بەرهەمهێنان دەکاتەوە. هاوکات ئەمڕۆ لە شێخان، کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن دەستیان بە بەرهەمهێنان کردووە.
سەبارەت بە کۆمپانیاکانی تریش ڕوونی کردووەتەوە، لە تاوکێ و فیشخاپوور کۆمپانیای دی ئێن ئۆ ڕۆژی هەینی دەست بە بەرهەمهێنان دەکەنەوە. هەروەها کۆمپانیای هەنت ئۆیڵ لە هەشتی مانگی حەوت دەست دەکەنەوە بە بەرهەمهێنان.
گوتەبێژی حكوومەتی هەرێم دووپاتی کردەوە، لە هێرش و بۆردمانەکانی ڕابردوو بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکان، زیانێکی زۆریان بەرکەوتبوو، لەبەر ئەوە بەشێکیان بۆ کارکردنیان کەمێک کاتی پێویست بووە، چونکە پێویستییان بە ئامادەسازی و نۆژەنکردنەوەی شوێنە زیانلێکەوتووەکان هەبووە.