ئەمڕۆ چوارشەم 24ی حوزەیرانی 2026، پێشەوا هەورامانی لە پەیامێکی ناڕاستەوخۆ و تونددا، گاڵتەی بەو سەرکردە سیاسییانە کرد کە هەڕەشەی تێکدانی دۆخەکە و "شڵەقاندنی گۆمەکە" دەکەن، لە کاتێکدا خۆیان لە ناوخۆیاندا لەوپەڕی قەیران و شڵەژاندان.
پێشەوا هەورامانی لە پەیامەکەیدا پشتی بە وەڵامێکی "ژیریی دەستکرد" بەستووە بۆ شیکردنەوەی دۆخی ئەو کەسانەی دەڵێن "گۆمەکە دەشڵەقێنم" لە کاتێکدا خۆیان شڵەقاون. لە شیکردنەوەکەدا هاتووە کە ئەمە دژایەتییە لە نێوان توانا و ویستدا، و ئەو کەسەی لە ناوەوە کێشە و ناسەقامگیریی هەیە، ناتوانێت بە شێوەیەکی دروست کاریگەری لەسەر دەرەوە دابنێت.
هەروەها ئاماژە بەوە دراوە کە ئەم جۆرە کەسانە بۆ شاردنەوەی شڵەژانی ناوخۆییان، هاوار دەکەن و هەڕەشەی گۆڕینی دۆخەکە دەکەن تا سەرنج لەسەر کێشەکانی خۆیان لابدەن، ئەمەش نیشانەی بێهێزییە لە دەسەڵاتدا و قسە و کرداریان یەک ناگرێتەوە. لە کۆتایی شیکردنەوەکەشدا هاتووە کە لە کۆنتێکستی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا، ئەمە بۆ کەسێکە کە دروشمی گەورە بۆ گۆڕانکاری بەرز دەکاتەوە، بەڵام خۆی بەشێکە لە کێشەکە یان لە سەرگەردانیدایە.