ئەمڕۆ چوارشەم 24ی حوزەیرانی 2026، موەفەق حوسێن پەرلەمانتاری پێشووی نەوەی نوێ و ئەندامی کارای ئەو حزبە، وازهێنانی خۆی لە کاری سیاسی ڕاگەیاند، ئەوەش وەک ناڕەزایەتییەک بەرانبەر بە ڕێککەوتنی نێوان نەوەی نوێ و یەکێتی و فرۆشتنی دەنگی دەنگدەرانی ئۆپۆزسیۆن لەلایەن شاسوار عەبدولواحیدەوە بە یەکێتی.
موەفەق حوسێن لە پەیامێکی کراوەدا ڕای گەیاند، وەک کەسێک کە باوەڕی بە گۆڕانکاری و خزمەتکردن هەبووە، لە ڕێگەی کارکردنی لەگەڵ نەوەی نوێ و پاشان یەکێتی، هەوڵی داوە بەشێک بێت لەو پرۆسەیەی کە هیوای چاکسازییان بۆ دەخواست، بەڵام ئەمڕۆ بە نیگەرانییەکی قووڵەوە دەڕوانێتە ئەو هاوپەیمانی و نزیکبوونەوەیەی لە نێوان ئەو دوو لایەنەدا ڕووی داوە.
دووپاتی کردەوە کە ئەو هاوپەیمانییە بۆ بەرژەوەندیی خەڵک نەهاتووەتە کایەوە، بەڵکوو تەنیا وەک تاکتیکێکی کاتی بۆ مانەوە لەسەر کورسی و پۆستەکان دەبینرێت، ئەمەش دوای ئەوەی شاسوار عەبدولواحید دەنگی دەنگدەرانی حزبەکەی لە سەودایەکی سیاسیدا بە یەکێتی فرۆشت.
پەرلەمانتارەکەی پێشووی نەوەی نوێ، سێ خاڵی سەرەکیی وەک هۆکاری نیگەرانیی خۆی و هاووڵاتییان خستەڕوو، یەکەمیان پاشەکشەیە لە بەڵێنەکان، کە ئەو دروشمانەی ڕۆژگارێک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی یەکتر بەکار دەهێنران، ئێستە بوونەتە قوربانیی بەرژەوەندییەکی تەسک. هۆکاری دووەمیش بێهیواکردنی کادیرانە، کە بەوپەڕی دڵسۆزییەوە کاریان دەکرد، بەڵام ئەمڕۆ هەست بە شەکەتی و بێهیوایی دەکەن کاتێک دەبینن هەموو ناکۆکییەکان لەپێناو هاوپەیمانییەکدا دەپۆشرێن.
سەبارەت بە هۆکاری سێیەم، ئاماژەی بە نەبوونی شەفافییەت کرد و گوتی، خەڵک مافی خۆیەتی بزانێت لەسەر چ بنەمایەک ئەو ڕێککەوتنانە دەکرێن، کاتێک هیچ کام لەو کێشانەی پێشتر هۆکاری ناکۆکی بوون، چارەسەر نەکراون.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، موەفەق حوسێن ڕای گەیاند، لەم سۆنگەیەوە، چیتر ناتوانم وەک بەشێک لەم هاوکێشە سیاسییە بمێنمەوە کە لەگەڵ ویژدان و قەناعەتەکانمدا یەک ناگرێتەوە. ڕوونیشی کردەوە کە وازهێنانی تەنیا هەڵوێستێکی تاکەکەسی نییە، بەڵکوو دەنگدانەوەی ئەو بێزارییەیە کە دەبینێت ئامانجە باڵاکان لەپێناو بەرژەوەندیی حزبیی بەرتەسکدا دەفرۆشرێن، هیوایشی خواست ڕۆژێک بێت سیاسەت لە کوردستان ببێتە خزمەتکردن بە خەڵک، نەک یارییەکی کاتی لە نێوان هێزەکاندا.