پرۆسەی گرتن و ئازادكردنی كتوپڕی شاسوار عەبدولواحید كە دواجار بە مامەڵەیەكی سیاسی و فرۆشتنی فەرمیی كورسییەكانی نەوەی نوێ بە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆتایی هات، پەردەی لەسەر ڕاستییەكی تاڵ لادا، لەم بازرگانییە سیاسییەدا ئەوەی حیسابی بۆ نەكرا، مافی یاسایی و دارایی سەتان خاوەن پشكی چاڤیلاندە كە ساڵانێكە لە دەستبەسەرداگرتنی سەرمایەكانیان هاوار دەكەن و ئێستە دەڵێن: "یاسا كرا بە قوربانیی كڕینی چەند كورسییەك."
ئەمڕۆ پێنجشەم 25ی حوزەیران، دوای تێپەڕبوونی چەند سەعاتێك بەسەر فرۆشتنی كورسییەكانی شاسوار عەبدولواحید بە یەكێتی، ناڕەزایەتیی خاوەن پشكەكان گەیشتووەتە لووتكە، ئەوان پێیان وایە ئەو سیناریۆیەی لە شەوی 12ی ئابی 2025 بە گرتنی شاسوار دەستی پێ كرد و لە 14ی كانوونی دووەمی 2026 بە ئازادكردنی كۆتایی هات، تەنیا داوایەكی حزبی بووە بۆ ناچاركردنی شاسوار بە ڕادەستكردنی پێگەی سیاسیی خۆی، نەك بۆ سەروەری یاسا و گەڕاندنەوەی مافی خەڵك.
چەند كەسێك لە خاوەن پشكەكانی چاڤیلاند، بە تووڕەییەوە ڕووی دەمی خۆیان ئاراستەی سەرۆكی یەكێتی دەكەن و بۆ "وشە" ڕایان گەیاند: دەمانزانی بافڵ تاڵەبانی پیاوی یاسا و مافی خەڵك نیت، كاتێك شاسوار لە گوندی ئەڵمانی بەپێی مادەی 431ی یاسای سزادان گیرا، بۆ ساتێك هیوامان لا دروست بوو كە دادگا لە ژێر سێبەری دەسەڵاتی سلێمانیدا، دواجار دوای 13 ساڵ بەو غەدرەی لێمان كرا، ئاوڕێك لە قەرزەكانی ئێمەش دەداتەوە، بەڵام ئێستە بۆ هەموو كەسێك روون بووەوە كە گرتنەكەی تەنیا بۆ ئەوە بووە شاسوار ناچار بكرێت كورسییەكانی نەوەی نوێت پێ بفرۆشێتەوە.
خاوەن پشكەكان زیاتر دەڵێن: ئەوەی لەم ناوەندەشدا حەپەلۆش كرا و حیسابی بۆ نەكرا، تەنیا ماندووبوون و پارەی ئێمە بوو.
بەهۆی ئەم مامەڵە ژێربەژێرەوە، دەیان دۆسیەی یاسایی و سكاڵای پێوەندیدار بە چاڤیلاند و قەرزی كۆمپانیاكان كە پێویست بوو شاسوار لەسەری دادگایی بكرێت، بە بڕیارێكی سیاسی ڕاگیراون. خاوەن پشكەكان دووپاتی دەكەنەوە كە كڕین و فرۆشتنی كورسییەكان، بە فەرمی ئەوەی چەسپاند كە نە گرتنی شاسوار لەسەر مافی گشتی بووە و نە ئازادكردنیشی، بەڵكو دادگا كراوەتە كەرەستەیەك بۆ ڕێككەوتنی حزبی و غەدرەكە وەك خۆی بۆ سەرشانی خاوەن پشكەكان ماوەتەوە.