هاوپەیمانیی مەسیحی لە عێراق و هەرێمی كوردستان، بە توندی سەركۆنەی لێدوانەكانی شاسوار عەبدولواحید دەكات بۆ هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستان، هاوكات داوا لە دەسەڵاتی دادوەری و حكوومەت دەكات رێكاری یاسایی بگرنەبەر.
ئەمڕۆ پێنجشەم 25ـی حوزەیران، هاوپەیمانیی مەسیحی لە عێراق و هەرێمی كوردستان، لە راگەیەنراوێكدا نیگەرانیی قووڵی خۆی بەرانبەر بە لێدوانەكانی شاسوار عەبدولواحید دەربڕی لەبارەی داواكاریی بۆ هەڵوەشاندنەوە و نەهێشتنی قەوارەی هەرێمی كوردستان.
هاوپەیمانییەكە ئەو لێدوانانەی بە هەڕەشەیەكی مەترسیدار بۆ سەر ئاشتیی كۆمەڵایەتی، یەكڕیزیی نیشتمانی و سەقامگیریی ناوچەكە وەسف كردووە.
لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە، هەرێمی كوردستان تەنیا قەوارەیەكی كارگێڕی یان سیاسی نییە، بەڵكو بەرهەمی دەیان ساڵ خەبات و قوربانیدانی هەموو پێكهاتەكانی نەتەوەیی و ئاینییە لە كورد، كلدان، ئاشووری، سریان، ئەرمەن، عەرەب و توركمان. هەروەها دەستكەوتێكە بە خوێنی شەهیدان لە پێناو ئازادی و دیموكراسیدا بەدەست هاتووە.
هاوپەیمانییەكە ئاماژە بەوە دەكات، بۆ مەسیحییەكان هەرێمی كوردستان هەمیشە پەناگەیەكی ئارام بووە لە سەختترین كاتەكاندا و ژیانیانی لە تیرۆر و ئاوارەبوون پاراستووە. لە هەرێمی كوردستاندا كەنیسەكان دروست كراون و زەنگیان بە ئازادی لێ دراوە، زمانەكانی سریانی، ئاشووری، كلدانی، ئەرمەنی و توركمانی لە قوتابخانە حكوومییەكاندا دەخوێنرێن و مافی سەرجەم پێكهاتەكان پارێزراوە.
هاوپەیمانیی مەسیحی داوا لە ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە عێراق، حكوومەت، ئەنجوومەنی نوێنەران، سەرۆكایەتیی هەرێم، پەرلەمان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكات، بەرپرسیارێتیی دەستووری و یاسایی خۆیان هەڵبگرن بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم و رووبەڕووبوونەوەی هەر گوتارێك ئاشتیی كۆمەڵایەتی تێكبدات.
هاوپەیمانییەكە دووپات دەكاتەوە، ئەو جۆرە لێدوانانە هەوڵێكن بۆ لێدان لە دەستكەوتەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هەروەها دژایەتیكردنی پرۆسەی چاكسازییەكانی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراقە، داواش دەكەن لێكۆڵینەوە بكرێت بۆ ئاشكراكردنی ئەو دەستانەی لە پشت ئەم جۆرە گوتارانەوەن.