بژار حەكیم نووسەر و جێگری نەقیبی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان رای گەیاند، ئەوەی شاسوار دەیڵێت لەبارەی پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەرگرتنی سەرۆكی حكوومەت بۆ نەوەی نوێ و یەكێتی، وڕێنەیەكی تەواو سیاسیی هەرزەییە.
لە وتارێكدا، بژار حەكیم بە ناونیشانی " شاسوار واحید، لەنێوان شیشی كەباب و شیشی یەكێتیدا" نووسیویەتی، شاسوار واحیدی بەڕێوەبەری پلە دووی نەوەی نەوێ، كە ئێستە مەقاشی دەستی بافڵ تاڵەبانییە، دەمی بە قسەی هەڵیت و پەڵیت گەرم كردووە، قسەكانی لەو نەخۆشە دەچێت كە دوای تایەكی گەرم وڕێنەی خۆش دەكات، ڕێك وەك ئەو نەخۆشە وایە، كە وڕێنە بەری دەدات و قسەكانی بۆ دەگێڕنەوە، پێدەكەنێت، ئەوەی شاسوار دەیڵێت لەبارەی پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەرگرتنی سەرۆكی حكوومەت بۆ نەوەی نوێ و یەكێتی، وڕێنەیەكی تەواو سیاسیی هەرزەییە، ئاخر شاسوار نەیتوانیوە لە دانانی بەڕێوەبەری تەلەڤزیۆنەكەی سەركەوتووبێت و تەنانەت دەیانجاریش لە دانانی بەڕێوەبەری چاڤیلاندیش مۆفەق نەبووە، بەڵام بە وڕێنەوە باسی پۆستی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم دەكات.
ئەو دەڵێ، شاسوار واحید مەقاشی دەستی بافڵ تاڵەبانی، بەو رێككەوتنەی لە زیندان لەگەڵ یەكێتی كردی ناوی ناوە هاوپەیمانی سیاسی، لە ڕاستیدا رێككەوتنی زیندانیكراوێكە كە ناچار كراوە دەنگ و كورسییەكانی بخاتە سەبەتەی یەكێتی.
بژار حەكیم لە بەشێكی تری وتارەكەیدا ئاماژەی بەوە كرد، شاسوار واحید فێڵی لە دەنگدەرانی كردووە، دەنگەكانی دزی و لە زیندان خستیە گیرفانی یەكێتی، واتە شاسوار فێڵ و ساختەكەی تەنیا قۆڵبڕینی پشكدارە داماوەكانی چاڤیلاند نەبوو، بەڵكو پەنجە و ویژدانی ئەو كەسانەشی بڕی كە متمانەیان پێكرد و دەنگیان بە لیستەكەی دا.
هەر لەبارەی كورسییەكانی یەكێتی هێمای بۆ ئەوە كرد، یەكێتی هەیەتی و نییەتی 23 كورسی رەق و تەق، كەچی ئەو 15 كورسییەی لە زیندان لە شاسواری بردووە، وەك 38 كورسی هاتوونەتە بەرانبەر پارتی، سەقفی داواكارییەكانیان هێندە بەرز كردووەتەوە، لەلای خەڵك جێی پێكەنینە، وەك ئەوە وایە بڵێی دارشووتی لە دار بەڕوو بەرز و بەهێزترە.
باسی لەوە كرد، لە ڕاستیدا نە شاسوار هی ئەوەیە هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی هەرێم و پێكنەهێنانی حكوومەت بكات، نە یەكێتیش هی ئەوەیە، ئاغاكانی یەكێتی بڕیار بەسەر بافڵدا دەسەپێنن و بافڵیش بەسەر شاسواردا، هەروەها شاسوار واحیدی كەبابچی باش لەو ڕستەیە دەگات كە دەڵێ: نەشیش بسووتێ نە كەباب، بەڵام شاسوار باش دەزانێت لە دوای تەسلیمبوونەكەی بە یەكێتی لە زیندان، هەم شیشەكەی سووتاوە هەمیش كەبابەكەی، شیشێكی لێدراوە نەك پەنجەی پشتیشی سووتێنراوە.