چیمەن بارزانی: قەوارەی هەرێم موڵکی خەڵکە نەک بازرگانانی سیاسی

:: PM:09:05:25/06/2026 ‌
ئەمڕۆ پێنجشەم 25ی حوزەیرانی 2026، دکتۆر چیمەن بارزانی ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە پەیامێکدا ڕای گەیاند، قەوارەی هەرێمی کوردستان مێژوویەکی پڕ لە خوێن و دەستکەوتێکی دەستوورییە، نەک موڵکی شەخس و حزبەکان.

لە کاتێکدا گەلی کوردستان لە قۆناغێکی هەستیاری مێژووییدا خەبات دەکات بۆ پاراستنی مافە دەستوورییەکانی لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵ، چیمەن بارزانی ئاماژەی بەوە دا کە جارێکی تر دەنگی نابەرپرس و موزایدەچیی سیاسی دەبیسترێت کە باس لە "نەمانی قەوارەی هەرێمی کوردستان" دەکەن.

لە پەیامەکەیدا ڕوونی کردووەتەوە کە قەوارەی هەرێمی کوردستان موڵکی کەس، حزب، یان بازرگانێکی سیاسی نییە تا بە ئارەزووی خۆی بڕیار لەسەر مانەوە یان نەمانی بدات، بەڵکوو موڵکی گەلی کوردستانە و بەرهەمی خەباتی سەد ساڵەی باپیران و قوربانیدانی پێشمەرگە و ڕاپەڕینی مەزنی ساڵی 1991ـە.

بارزانی دووپاتی کردەوە کە قەوارەی هەرێم بە دەستکەوتێکی بێبەرانبەر نەهاتووەتە کایەوە، بەڵکوو بە خوێنی هەزاران شەهیدی ئەنفال، کیمیاباران و خەباتی پێشمەرگایەتی بنیات نراوە، و سووکایەتیکردن بە ئایندەی ئەم هەرێمە، بازرگانیکردنە بە خوێنی شەهیدانەوە.

هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە هەرێمی کوردستان لایەنێکی بنەڕەتییە لە دەستووری هەمیشەییی عێراقی ساڵی 2005، بەتایبەتی لە هەردوو مادەی 117 و 121، کە تێیدا دانی پێدا نراوە وەک هەرێمێکی فیدراڵیی خاوەن دەسەڵاتی یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەری. نەمانی ئەم قەوارەیەش تەنیا ویستێکی ناوخۆیی نییە، بەڵکوو پرۆسەیەکی یاسایی و نێودەوڵەتییە و بە لێدوانی پۆپۆلیستی گۆڕانکاریی تێدا ناکرێت.

لە کۆتاییدا پەیامێکی ئاراستەی ئەو لایەنانە کرد و گوتی، موزایدەکردن بەسەر چارەنووسی گەل بۆ کۆکردنەوەی چەند دەنگێکی کاتی یان ڕازیکردنی لایەنی تر، نیشانەی مایەپووچیی سیاسییە. و دڵنیایی دا کە لەسەر ڕێبازی سەرۆك بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕێگە بە هیچ دەنگێکی ناوخۆیی یان دەرەکی نادەن یاری بە چارەنووسی گەلی کوردستان بکات.


وشە - پۆڵا مەحموود