شارەزایەکی سۆشیال میدیا نهێنییەکانی بڵاوکردنەوەی وێنە قەدەغەکراوەکانی پەیجی شاسوار ئاشکرا دەکات

:: AM:09:28:26/06/2026 ‌
ئەمڕۆ هەینی 26ی حوزەیرانی 2026، شارەزایەکی بواری سۆشیال میدیا ئاشکرای کرد، بڵاوکردنەوەی چەند وێنەیەکی گرووپە چەکدارەکان و وێنەی نەشیاوی پێوەست بە منداڵان لە پەیجی فەرمیی شاسوار عەبدولواحید، هەنگاوێکی بەئەنقەست و بەرنامەبۆداڕێژراوە، ئامانج لێی دروستکردنی پاساوی هاککردن و سڕینەوەی تەواوەتیی پەیجەکەیە بۆ شاردنەوەی ئەرشیفی پێشووی.

سەمیر کاروانی شارەزای سۆشیال میدیا تایبەت بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە بەیانیی ئەمڕۆوە چەند وێنەیەکی گرووپە چەکدارەکان و ناوەڕۆکی نەشیاو لە پەیجی شاسوار عەبدولواحید بڵاو کراونەتەوە، ئەمەش سیناریۆیەکە بۆ ئەوەی بڵێت "پەیجەکەم هاک کراوە". ئامانجی یەکەم لەم کارە ئەوەیە کە سەرنجی خەڵک و ڕای گشتی لەسەر ئەو ڤیدیۆیانە لابدات کە پێشتر بڵاوی کردوونەتەوە و تێیاندا بەتوندترین شێوە قسەی بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گوتووە.

کاروانی دووپاتی کردەوە کە ئامانجی سەرەکی و شاراوەی ئەم کارە، لەناوچوونی تەواوەتیی پەیجەکەیە. ئەو سەرکردەیە دەیەوێت بەهۆی ئەم وێنانەوە پەیجەکەی لەلایەن کۆمپانیای مێتاوە بسڕدرێتەوە، بۆ ئەوەی تەواوی ئەو ئەرشیفە ڤیدیۆیی و قسانەی پێشووی کە دژی یەکێتی کردوونی بسووتێن و لەناو بچن، تا خەڵک نەتوانن جارێکی تر قسە کۆنەکانی بەچاو دابدەنەوە، بەتایبەتی دوای ئەو ڕێککەوتنە سیاسییەی لە ناو زیندان لەگەڵ یەکێتیدا کردی.

لە ڕووی زانستی و تەکنیکییەوە، ئەم کارە پشت بە ئەلگۆریتمەکانی کۆمپانیای مێتا دەبەستێت. سیستەمی ژیریی دەسکردی مێتا زۆر بەتوندی مامەڵە لەگەڵ دوو جۆر ناوەڕۆکدا دەکات؛ یەکەمیان وێنە و دروشمی گرووپە چەکدارەکانە، دووەمیشیان وێنەی نەشیاو و پێشێلکارییە بەرانبەر بە منداڵان. کاتێک ئەدمینی پەیجێک بەئەنقەست ئەم جۆرە وێنانە بڵاو دەکاتەوە، دەزانێت کە ڕۆبۆتەکانی مێتا ڕاستەوخۆ دەستنیشانی دەکەن و بەبێ ئاگاداریی پێشوەختە پەیجەکە لەکار دەخەن یان بەتەواوی دەیسڕنەوە. 
بەم شێوەیە، خاوەنی پەیجەکە بەبێ ئەوەی خۆی ئەرشیفەکەی بسڕێتەوە و ڕووبەڕووی ڕەخنەی جەماوەر ببێتەوە، وێنای خۆی وەک قوربانییەک و "هاککراو" پێشان دەدات.

ئەو شارەزایەی سۆشیال میدیا هۆشدارییەکی توندی دایە هاووڵاتییان کە بە هیچ شێوەیەک سکرینشۆتی ئەو وێنانە نەگرن و لە کۆمێنت یان پۆستەکانیاندا بڵاوی نەکەنەوە. ڕوونی کردەوە کە کۆمپانیای مێتا ڕاستەوخۆ ئەکاونتی ئەو کەسانەش دادەخات و سزایان دەدات کە ئەو وێنانە بڵاو دەکەنەوە. هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە شاسوار باکی بەوە نییە کە بەهۆی ئەم سیناریۆیەوە ئەکاونتی خەڵکیش بوەستێت و سزا بدرێن، بەڵکوو تەنیا بۆ مەبەست و بەرژەوەندیی خۆی ئەم کارەی کردووە.


وشە - پۆڵا مەحموود